Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2026
ھەولێر ــ AA
تا دێت ھێزی زیاتر لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا دەکرێن، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دزەکردن و جمووجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە.
نیگەرانییەکان دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ١٩ی کانوونی دووهەم، سوپای سووریا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە لە بەندیخانەی شەدادی لە پارێزگای حەسەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، تیرۆریستانی داعش'ی ئازاد کردووە. ئازادکردنی تیرۆریستانی داعش لە بەشێک لە بەندیخانەکانی سووریا، شەپۆلێکی نیگەرانی لە ناوخۆی عێراق لێکەوتەوە و هەر بۆیەش هۆشداری لە دزەکردنیان بۆ ناو خاکی عێراق درا.
لەئێستادا، چوار لیوای سوپای عێراق، سێ لیوای پاسەوانی سنوور و سێ لیوای حەشدی شەعبی لە سنووری قائیم سەربە پارێزگای ئەنبار کە ھاو سنوورە لەگەڵ سووریا، بۆ پاراستنی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر دۆخێکی لەناکاو خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە پلانێکی باش بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە دانراوە، ھەروەھا بە گرتنەبەری زنجیرەیەک ڕێوشوێن، ناوچە سنوورییەکانی عێراق پارێزراون.
- سەردانی مەیدانی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی
ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەیی ھێزەکانی ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ھێڵە سنوورییەکان، سنووری وڵاتەکەی لە ناوچەی قائیم سەربە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ سووریا بەسەرکردەوە.
ھەروەھا ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازیی بەمەبەستی بەدوادچوون بۆ ئامادەکارییە ئەمنییەکان و پێشھاتەکان ناوچەی سنووریی وڵاتەکەی لە پارێزگای نەینەوا لەگەڵ سووریا بەسەرکردەوە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە عێراق، موقتەدا سەدر داوای کرد کە لە ڕووی ئەمنییەوە، ڕێوشوێنی زیاتر لەسەر سنووری عێراق و سووریا بگیرێتەبەر.
ھەر لەوبارەیەوە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز پێداچوونەوەی بە ئەرکی ئەو ھێزانەی حەشدی شەعبی کرد کە بەدرێژایی سنووری عێراق و سووریا، جێگیر کراون.
دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فالح فەیاز بارەگای لیوای ٧٣ی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بەسەر کردووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە فالح فەیاز کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ فەرماندەکانی بارەگای لیوای ٧٣ی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی ئەنجامداوە و لە میانیدا، پێداچوونەوەی بە ئەرکی ئەو ھێزانەی حەشدی شەعبی کرد کە بەدرێژایی سنووری عێراق و سووریا، جێگیر کراون.
ھاوکات لەئێستا بە درێژایی ٥٣٠ کیلۆمەتر کۆنکرێتی تێلی دڕکاوی و کامێرای چاودێری حەراری بە درێژای سنووری عێراق لەگەڵ سووریا دانراون و دەگوترێت ھێشتا ٩٠ کیلۆمەتر ماوە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا بە تەواوی بەو بەربەستانە تووندوتۆڵ بکرێت.
- ئەنجوومەنی نوێنەران لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە دەکات
هەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵسەنگاندن بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکان دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکی داخراودا دۆخی ناوچە سنوورییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سووریا، تاوتوێ بکات.
زاندراوە کە ھەریەک لە وەزیری بەرگریی عێراق سابت عەباسی، وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شممەری و سەرۆک ئەرکانی سوپا فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا ئامادەی دانیشتنەکە دەبن.
چاوەڕێ دەکرێ لە میانی دانیشتنەکەدا بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی عێراق کورتەیەک لەبارەی دۆخی ئێستای ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا، پێشکەش بە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.