Zana Natık Kerem
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق دەستگیرکردنی دوو تیرۆریست و شەش تۆمەتباری لە پارێزگای بەغدا راگەیاند.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ھێزەکانی فیرقەی ١١ی پیادە، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە ژمارەیەک ناوچەی رۆژھەڵاتی پارێزگای بەغدا ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، دوو تیرۆریست کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون، هەروەها شەش تۆمەتبار دەستگیرکراون.
باس لەوەشکراوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، دەست بەسەر ژمارەیەک پارچە چەکی بێ مۆڵەت و بڕێک ماددەی ھۆشبەردا گیراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتەبەر.