Zana Natık Kerem
13 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دانیشتنی خۆی بۆ پێداچوونەوە و بڕیاردان لەبارەی ئەو سکاڵایەی کە لەلایەن سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش کراوە، دواخست.
ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی بۆ پێداچوونەوە و بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەی کە لەلایەن سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش کراوە ، دەستی پێ کرد.
لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پێداچوونەوە و بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵاکەی ھادی عامری بۆ ٢٢ی ئەم مانگە دواخست.
رۆژی چواری ئەم مانگە سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری رایگەیاندبوو کە سکاڵایان لە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کردووە.
رۆژی ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند.
بەپێی ئەنجامە کۆتایییەکان ھاوپەیمانیی فەتح لە کۆی ٣٢٩ کورسی، ١٧ کورسی بەدەستھێناوە.
رۆژی یەکی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی، رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵیی کردووە.