Hawkar Yaseen
14 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
شاندێکی باڵای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ وەزیری تەندروستی دەربارەی دۆخی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و دواهەمین رێکار و هەنگاوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەرئەنجامی دیدارەکە و دواهەمین هەنگاوەکان بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا خرانەڕوو.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە گۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئامانج لەم کۆبوونەوەیە چەند بابەتێک بوو کە سەرەکیترینیان چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە تایبەت، هەروەها ئەو تەشەنەسەندنەی لە جیهاندا بۆ ئەو پەتایە هەیە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، گفتوگۆش کرا دەربارەی دانانی پلانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە تەندروستییەکان ئەگەر بێنە پێش".
سامان بەرزنجی گوتی: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کە ئێستا لە چەند وڵاتێکی جیهاندا بڵاوبووەتەوە ئێمەش ماوەیەکە ئامادەکاری خۆمان کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر گۆڕاوەکە گەیشتە لای ئێمە، چۆن رووبەڕووی بینەوە بە سوود وەرگرتن لە شارەزایی رێکارەکانی رابردوو".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای گەیشتنی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گوتی: "تا ئێستا پشکنینی کۆرۆنا بۆ سێ ملیۆن و ٥٨٧ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کراوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە ٣٧٨ هەزار تووشبوو تۆمار کراون و ٣٦٧ هەزار کەسیان چاکبوونەتەوە، ئێستا سێ هەزار و ٨٣٢ تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام زۆربەیان لە ماڵەوەن و ژمارەیەکی کەمیان لە نەخۆشخانەکانن".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تا ئێستا، ٤٦ هەزار و ٥١٢ نەخۆش پێویستییان بەوە هەبووە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێن و لەو ژمارەیەش حەوت هەزار و ١٢ تووشبوو گیانیان لەدەستداوە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتییان، رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان جگە لە ئاوارە و پەناهەندە و ئەوکەسانەی لێرە کاردەکەن، تەنیا دانیشتووان شەش ملیۆن و ١٧١ هەزار و ٨٣ هاووڵاتی دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، تا مانگێک بەرلە ئێستا ئێمە ئامانجمان بوو سەروو ١٨ ساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، بەڵام لەئێستادا سەروو ١٢ ساڵ بە ئامانج کراوە بۆیە چوار ملیۆن و ٣٦٦ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی کە تەمەنیان دەکەوێتە سەروو ١٢ ساڵ پێویستە ڤاکسین وەربگرن".
راشیگەیاند "تا ئێستا دوو ملیۆن و ٥٣٦ هەزار و ٢٩٩ ژەم ڤاکسینمان بۆ دابینکراوە و لەسەدا ٦٨ی دراوە بە هاووڵاتییان و لەسەدا ٣٢ی لە کۆگاکان و سەنتەرەکان لەبەردەست ماون و یەک ملیۆن و ٧٢٩ هەزار و ٣٧٤ ژەمی ڤاکسین بەکارهاتووە و دراوە بە هاووڵاتییان".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "لە ماوەی مانگی رابردوودا، رێژەی پیدانی ڤاکسین زیاتر بووە، بەتایبەتی دوای بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبووەنەوەی کۆرۆنا".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی دەربارەی خەرجی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە سەرەتای هاتنی پەتاکەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیک دەبینەوە لە ١٠٠ ملیار دینار کە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە خەرج کراوە".