Sarmand Hameed
05 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
بەغدا - AA
سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراقی رایگەیاند، هێرشێک کاروانێکی بارهەڵگری کردووەتە ئامانج کە کەلوپەل و پێداویستی لۆجستیی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا دەگواستەوە.
ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رافیدەین، ملازم یاسین تەمیمی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بۆمبێکی چێنراو لەسەر رێگەی سەرەکی نزیک لە شاری ناسڕییە کاروانێکی بارهەڵگری کردووەتە ئامانج کە کەلوپەل و پێداویستی لۆجستیی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەگواستەوە.
ملازم یاسین تەمیمی روونیکردەوە کە لە ئاکامی هێرشەکەدا زیانی ماددی بەر کاروانەکە کەوتووە.
ئەفسەرەکە هیچ وردەکارییەکی دیكهی لەبارەی رووداوەکەوه ئاشکرا نەکرد.
ئەم هێرشە بە سێیەم هێرشی هاوشێوەی لەماوەی مانگێکدا هەژمار دەکرێت، کە ٢٢ی مانگی رابردوو لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێکی بارهەڵگر کە کەلوپەل و پێداویستی لۆجستیی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا دەگواستەوە لە پارێزگای زیقار کردە ئامانج.
هەروەها لە ١١ی مانگی رابردوودا، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو ئاگریان لە سێ بارهەڵگر بەردا کە کەلوپەلی لۆجستی بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە پارێزگای دیوانییە باشووری عێراق، دەگواستەوە.
پێشتر گرووپە چەکدارە شیعەکان، لەنێویاندا حزبوڵڵای عێراق هەڕەشهی کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیانی کردبوو ئەگەر پابەند نەبن بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
رۆژی پێنجی کانوونی دووەمی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بریاریدا بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای سێ رۆژ لە کوژرانی هەریەک لە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە بۆردومانێکی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.