Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "یەکێک لە ھێڵەکانی چارەسەری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بریتییە لە وەرگرتنی پلازمای خوێنێ کەسێکی چاکبووەوە، زۆر لە نەخۆشەکان بەتوندی تووشبوون و پێویستیان بە پلازما ھەیە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "تکایە ئەوانەی چاکبوونەتەوە و ٢٨ رۆژیان تێپەڕکردوە بە سەر یەکەم رۆژی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەدا، سەردانی سەنتەرەکانی بانکی خوێن بکەن بۆ بەخشینی پلازما".
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، ئەم بەخشینە خزمەتێکی مرۆڤدۆستی و خێرێکی گەورە تۆماردەکەن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٥ هەزار و ١٧٣ تووشبوو کە پێنج هەزار و ١٩٩ لە هەولێر، هەشت هەزار و ٦٩٨ لە سلێمانی، ٨٠١ لە دهۆک و ٤٧٥ لە هەڵەبجە بووە، لەنێویاندا ٥٨٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ١٤٢ لە هەولێر، ٤٣٠ لە سلێمانی، شەش لە دهۆک و هەشت حاڵەت لە هەڵەبجە بووە، و نۆ هەزار و ٥٥١ نەخۆش دوای چارەسەری چاکبوونەتەوە کە سێ هەزار و ٢٦٣ لە هەولێر، پێنج هەزار و ٤٨٢ لە سلێمانی، ٣٧٦ لە دهۆک و ٤٣٠ لە هەڵەبجە بووە، و لە ئێستادا پێنج هەزار و ٣٦ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان کە هەزار و ٧٩٤ لە هەولێر، دوو هەزار و ٧٨٦ لە سلێمانی، ٤١٩ لە دهۆک و ٣٧ لە هەڵەبجەیە.