25 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2020
بەغدا - AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی شێرەکانی جەزیرە کە لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەددین بۆسەر تیرۆریستانی داعش ئەنجامدراوە، بەدیھاتووە.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی شێرەکانی جەزیرە لەچوارچێوەی ئەو پلانەی داندراوە، ئامانجەکانی بەدیھاتووە و ھەروەھا ژمارەیەک تیرۆریستی داعش کوژراون".
گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەکان لەسەروویانە ھێزەکانی دەزگای ھەواڵگریی لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی شێرەکانی جەزیرە، ژمارەیەک تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە لەنێویاندا ئەو تیرۆریستانەی کە سەرچاوەی پێدانی زانیاربوون بۆ رێکخراوەکە".
لیوا تەحسین خەفاجی ئەوەشی ئاشکراکرد: "ھەندێک دەزگای راگەیاندنی ناحەز ھەوڵیانداوە لە گرنگی گەورە تیرۆریست، عەبدولناسر قەرداش کەم بکەنەوە، بەڵام لە راستییدا ناوبراو کەسێکی زۆر مەترسیدارە"
پێشتر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە سنووری پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەددین دەست پێکردبوو.