Sarmand Hameed
29 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2020
هەولێر - AA
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوت، سامر غەزبان لەبارەی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و رێگاكانی چارەسەركردنیان گفتوگۆیان كرد.

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پاش تاتوتوێکردنی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە تایبەتی کێشەی نەوت و بوودجە، بڕیاردرا بۆ گەڵاڵەکردنی رێوشوێنی چارەسەر، کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ و سبەی هەر لە بەغدا لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا بەردەوام بن.
ئێوارەی دوینێ سێشەممە، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی ئەندامییەتی هەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و وەزیری پلاندانان، دارا رەشید و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم بە مەبەستی دیالۆگ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕالی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند، سەردانی بەغدای کرد.

رۆژی ٢٠٢٠/٤/١٩ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەنەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی بوودجە، شایستە داراییەکانی ھەرێم، نەوت، وزە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و چەند پرسێکی دیکە سەردانیان بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق گفتوگۆ و دانوستاندنیان ئەنجامدا.