Heman Hussein Yaseen
17 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2022
هەولێر - AA
لە شەوی دووشەممەوە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین رووی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە و بەمھۆیەوە سەدان کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و لە چەند شارێکیش دەوامی قوتابخانەکان راگیران، ھاوکات دوێنێ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەھۆی کاریگەریی خۆڵبارینەوە بەشێوەیەکی کاتی راگیران.
لە شاری ھەولێر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی کە پێشوازی لەو ھاووڵاتییانە کردووە کە بەھۆی کاریگەری خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، دکتۆر کاروان یاسین ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسانەی نەخۆشی ھەستیاریی یان رەبۆیان ھەیە زیاتر سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەکاتی خۆڵباریندا، ئەو کەسانەی زیاتر ھەستیارییان ھەیە یان رەبۆ و تەنگەنەفەسییان ھەیە، سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و چارەسەری پێویست وەردەگرن".
دکتۆر کاروان یاسین لەبارەی ژمارەی ئەو ھاووڵاتییانەی کە لە شەوی رابردووەوە روویان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کردووە گوتی: "لە شەوی رابردووەوە زیاتر لە ١٠ ھاووڵاتیی بەھۆی کاریگەری خۆڵبارینەکەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوایان کردووە زیاتر چوونەتە بەشی راوێژکاری، ھەموویان دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست، نەخۆشخانەیان بەجێھێشتووە".
دکتۆر کاروان یاسین لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزییەوە گوتی: "بۆ خۆپارێزی لە کاتی خۆڵباریندا، باشترین رێگا ئەوەیە کە ئەگەر زۆر پێویست نەبوو لە ماڵەوە بمێنینەوە، ئەگەریش چووینە دەرەوە ماسک ببەستین، ھەروەھا ئەوانەیشی ھەستیاریی و رەبۆیان ھەیە، چارەسەرەکانی خۆیان بەتەواوی وەربگرن".