عێراق

کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دوای داعش ئێزدییەکانی پشتگوێخست و کێشەکانیانی چارەسەر نەکرد

ئەمین بەحری ئیبراھیم خەڵکی ناحیەی سنوونێ: "کەس ھیچمان بۆ ناکات، دەنگمان ناگاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ ئەوەی بەھانامانەوە بێت لە ساڵی ٢٠١٤وە بانگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکەین، بەڵام سوودی نییە".

Rawan Subhi Obaidullah  | 17.05.2022 - نوێکردنەوە : 19.05.2022
کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دوای داعش ئێزدییەکانی پشتگوێخست و کێشەکانیانی چارەسەر نەکرد

دهۆک - AA

ژمارەیەک ئاوارەی نوێی شنگال کە ئێستا لەناو کەمپەکان نیشتەجێکراون، گلەیی ئەوە دەکەن کە وڵاتانی جیھان بەشێوەیەکی ‌گشتیی خۆیان لە کێشەکانی ئێزدی بەدوور گرتووە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانگەڕێننەوە شنگال، ئەوا با شوێنێکی ئارامیان بۆ دروست بکەن، چونکە ھەشت ساڵە لەنێو خێوەتگادان و لەم دۆخە بێزاربوون.

ئەمین بەحری ئیبراھیم کە خەڵکی ناحیەی سنوونێ-یە ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ جاری دووەمە لە شنگالەوە ئاوارەی کەمپەکانی دھۆک دەبێت و ئێستاش لە کەمپی شاریا نیشتەجێکراوە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش دوو ھەفتە جارێکیتر ئاوارەبووین کەس ھاوکاریمان ناکات، تا ئێستاش رەوشی شنگال ئارام نییە بۆ ئەوەی بگەرێینەوە سەر زێدی خۆمان، لەناو شنگال دۆخەکە ئاڵۆزە".

گوتیشی: "کەس ھیچمان بۆ ناکات، دەنگمان ناگاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ ئەوەی بەھانامانەوە بێت. لە ساڵی ٢٠١٤وە بانگەواز لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکەین، بەڵام سوودی نییە، ئێمە ئارەزوو دەکەین دۆخی شنگال ئارام بێت و ھێزە ناشەرعییەکان دەربچن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان، ئێمە ناتوانین ساڵێک لێرە بین و ساڵێک لەوێ بین، نامانەوێت لەناو کەمپەکان بین. لە ساڵی ٢٠١٧ لە کەمپی ئێسیان-ين خێوەتگامان سووتا و ھەموو بەڵگەنامەکانمان لەناوچوون، ئێستاش وەرزی گەرمایە و ژێر ئەم خێوەتانە بە کەڵکی ژیان نایەن و دەمانەوێت بگەڕێینەوە، بەڵام تا ھێزی ناشەرعی لە شنگال بمێنن خەڵک ناوێرێت بگەڕێتەوە، ئەگەریش نامانگەڕێننەوە شنگال، با لە ھەرێمی کوردستان شوێنێکی ئاراممان بۆ دروست بکەن".

فەیسەڵ ئوسمان رەشۆ کە لە دووی ئەم مانگەوە بەهۆی شەڕی نێوان سوپای عێراق و تیرۆریستانی پەکەکە لە شنگال ئاوارەبووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە شنگال-مان بەجێھێشت، کەس بە گوێمان ناکات، پێویستە وڵاتە زلھێزەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ خۆیان لە کێشەکانی ئێمە بەخاوەن بکردایە، ئێمەی ئێزدیی زۆر داماوین، زوڵممان لە کەس نەکردووە، ھەرچی فەرمانێک بێت بەسەر سەری ئێزدییەکانە، ھەشت ساڵە لەنێو خێوەتگاداین و ناوێرین تێر بخەوین، ھەموو جیھان خۆیان لە کێشەکانی ئێزدی بێدەنگ کردووە، یەکەمجار گلەییمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە پاشان لە حکوومەتی عێراق و دواتریش لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چونکە پێویستە چارەسەرێک بۆ کێشەی ئێمە بدۆزنەوە".

سامی شەکر خدر کە خەڵکی گوندی گرعوزێرە و لە چواری ئەم مانگەوە شنگالی جێهێشتووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە چواری ئەم مانگەوە کاتێک شەڕی نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە کەوتە ناو کۆڵانەکانەوە، ئێمەش ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێهێشت، ئەوە دووەمجارە زێدی خۆمان بەجێدەهێڵین و ئاوارە دەبین، بێگومان تا ئەم لایەنانە لەناو شنگال بمێنن، ئەوا شنگال ئاوەدان ناکرێتەوە، ھیچ کەسێکیش خۆی لە کێشەکانی ئێمە بە خاوەن نازانێت، بە تایبەت رێکخراوەکان، چونکە ئێمە ھەر لەنێو خێوەتگادا دەژین، کاتێک رێکخراوێک ٢٠٠ دۆلار دەداتە خێزانێکی ١٢ یان ٢٠ کەسی، ئەوا ھیچ سوودێکی نییە، چونکە ئەو بڕە پارەیە ناتوانێت بەشی دوو سێ ساڵ ژیان بکات، بۆیە ئەگەر ١٠٠ ساڵی دیکەش دۆخی شنگال بەمشێوەیە بێت، ئەوا ئێمە هەر لە کەمپەکان دەبین و ناتوانین بگەڕێینەوە شنگال".

زۆزان عەلی کە ئەویش بەهۆی دۆخەکە ئاوارە بووە، باسی لە مەترسییەکانی شەڕ کرد و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک کاتژمێر ١١ی شەو شەڕ لە شنگال دەستی پێ کرد تا رۆژی دواتر، ئێمە لە ترسان لەماڵ دەرنەچووین و دواتر زۆر بە سەختی خۆمان رزگارکرد، داواکاریمان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە شوێنێکمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو ئەم خەڵکە بە خۆشی بژین، چونکە ئێستا ئێمە شەش بۆ حەوت خێزانین لەناو ماڵێک دەژین و شوێنمان زۆر خراپە. لە شنگال منداڵەکانمان لە تاقیکردنەوەدابوون پەکەکە کەوتنە ناو ماڵەکان".

لە رۆژی دووی ئایاری ٢٠٢٢ بەهۆی شەڕی نێوان تیرۆریستانی پەکەکە و سوپای عێراق، دووبارە شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوون لە شنگال دەستی پێ کرد و ھەزار و ٧١١ خێزان کە ژمارەیان ١٠ ھەزار و ٢٦١ کەسە، ئاوارەی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک بوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın