Zana Natık Kerem
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازیی کرد لە ئافرەتێکی تورکمان نیشتەجێی شارۆچکەی تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کە حەوت کوڕی کوژراوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی پێشوازیی کردووە لە ئافرەتێکی تورکمان نیشتەجێی تەلەعفەر کە حەوت کوڕی کوژراوە و خزمی ژمارەیەک کوژراوی دیکەیە کە ھەندێکیان لەسەردەمی سەدام حوسێن و ھەندێکی دیکەیان بەھۆی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کوژراون.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گوێی بۆ داواکارییەکانی دایکە خۆڕاگر و جەرگ سووتاوەکە گرتووە کە سێ لە کەسوکارەکەیشی ئامادەی دیدارەکە بوون و ھاتووە "لە میانی دیدارەکەدا، مستەفا کازمی فەرمانی کردووە کە پێداویستییەکانی دایکەکە دابین بکرێت و ھەموو جۆرە یارمەتییەکیشی پێشکەش بکرێت و شایستە دارایی و یاساییەکان بگیرێتەوە".
باس لەوەش کراوە کە لە میانی دیدارەکەدا، مستەفا کازمی رایگەیاندووە، ئەم جۆرە قوربانی دان و چیرۆکی ئارامگرتن و دان بەخۆداگرتنە کە عێراقییەکان تۆماریان کردووە، دەبێت ببێت بە نموونە بۆ نەوەکانی داھاتوو، ھەروەھا نموونە بۆ خۆشەویستی نیشتمان و پێکەوەژیان لە عێراق.