Heman Hussein Yaseen
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر - AA
راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رادەگەیەنن کە، "پێویستە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەسازیی نیشتمانی پێویست بکرێت" و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە لە ھەفتەی داھاتووەوە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت.
کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی سەرکردایەتی، هێمن هەورامی، خەسرەو گۆران و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، زانا مەلا خالید و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی ھەڵبژاردن و راپرسی لە پشکی پارتی سەردانی سلێمانی-یان کرد و لەگەڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رزگار حاجی حەمە و بەرپرسی یاسایی مەکتەبی سیاسیی، تەلار لەتیف و جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، سلێمان مستەفا و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار لەسەر پرسی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەی لیژنەی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لیژنەی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە تیایدا راگەیەندراوە کە ھەردوولا ھاوڕان، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
لە راگەیەندراوەکەی پارتی و یەکێتی ھاتووە "لە چوارچێوەی ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) ئەمڕۆ ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ شاندیکی تایبەتی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی دەستوور، ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەسازیی نیشتمانی پێویست بکرێت و تێگەیشتنی ھاوبەش لەسەر میکانیزمە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ھەبێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە دا، ئاماژە بەوە کراوە کە ھەردوولا کۆکبوون پێکەوە کار بۆ بەھێزکردنی متمانەی ھاووڵاتییان پەپڕۆسەی ھەڵبژاردن تۆکمە بکرێتەوە و پڕۆسەیەکی شەفاف و سەرکوتوو بێت.
لە راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، هەروەها ھاتووە "ھەردوولا جەختیان لەوەکردەوە بەپێی رێککەوتنی سیاسی پێنجی ئاداری ٢٠١٩ی نێوان ھەردوولا و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی ھەردوو حزب، بە گیانی برایەتی و تەبایی ھەنگاوە پێویستیە کرداری و یاساییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای ھەرێمی کوردستان بھاوێژن، ھاوکات بڕیاردرا لە ھەفتەی داھاتووەوە کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت".