Zana Natık Kerem
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە پێویستە حکوومەتی نوێ توانای ئەوەی ھەبێت، رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە قەیرانەکانی ناوچەکە چارەسەر بکرێن.
بەرھەم ساڵح لە میانی رێورەسمێکدا کە بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە بەغدا بەڕێوەچوو، گوتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ ھەمووان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانیی گەورە داین کە بریتییە لە بەرجەستەکردنی سەرکەوتنە بەدەستھاتووەکان و پتەوترکردنیان، ھەروەھا کارکردن لە دووبارەنەبوونەوەی کارەساتە تیرۆریستییەکان و رێگرتن لە شانە تیرۆریستییەکان کە ناوە ناوە ھەوڵدەدەن یاریی بە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمانەوە بکەن، بۆیە پێویستە لایەنەکان یەکھەڵوێست بن و پاڵپشتیش لەیەکتر بکەن لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی".
گوتیشی: "دەستکەوتێکی گرنگ چاوەڕوانمان دەکات، ئەوەیش سازکردنی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکھێنانی حکوومەتی نوێیە".
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح راشیگەیاند "پێویستە حکوومەتی نوێ توانای ئەوەی ھەبێت، رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببێتەوە کە بەرەوڕووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە".
بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەیش دا کە پێویستە چاکسازی ریشەیی لە عێراق ئەنجام بدرێت و خواستەکانی ھاووڵاتییانیش جێبەجێ بکرێت.
لەئێستادا لایەنە سیاسییەکان لە عێراق دەستیان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ کردووە لە پێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکان بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەتی نوێ پێکبھێنن.
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە قەیرانەکانی ناوچەکە چارەسەر بکرێن، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی ھەمووان دایە.