Haydar Karaalp,Rewa Mahmood Hasan
17 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2019
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی چاوی کەوت بە شای سعوودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی هەردوو وڵات و بەرەوپێشبردنیان لە تەواوی بوارەکاندا، تەوەری کۆبوونەوەکەیان بوو.
لە راگەیەندراوێکی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ سعوودیە، چاوی کەوت بە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز.
لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەدا بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەکانی عێراق و سعوودیە لە گشت بوارەکاندا تاوتوێ کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە سەردانی باڵای دوو لایەنە گرنگی دەبێت بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
شا سەلمان هیوای سەقامگیریی و پێشکەوتنی عێراقی خواستووە و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕیوە بەرامبەر قۆناغی سەقامگیری کە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت.
شایەنی باسە سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ بەسەردانێکی رەسمی بەیاوەری بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی و چەندین خاوەنکاری عێراقی گەیشتە ریاز.
عەبدولمەهدی رۆژی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە پەیوەندییەکانی عێراق و سعوودیە وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینیوە و لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ ریاز رێککەوتنی نوێ واژوو دەکەن و پەیوەندییە ئابووریەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێش دەبەن.