Zana Natık Kerem
20 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە بەغدا لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان خۆی تۆمار کرد و زانیارییەکانی لەبارەی خۆی و خێزانەکەی پێشکەش بە تیمێکی سەرژمێریی کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، تیمێکی سەرژمێریی ماڵی محەمەد شیاع سوودانی لە شاری بەغدا بەسەر کردووەتەوە و لە میانیدا ژمارەیەک پرسیاریان لە بارەی خۆی و خێزانەکەی ئاراستەی ناوبراو کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامی پرسیارەکاندا، گوتوویەتی: "ناوم، محەمەد شیاع سەببارە و لە دایکبووی ٤ی ئاداری ١٩٧٠م، ھەروەھا پێنج کوڕ و دوو کچم ھەیە و دایکیشم لەگەڵ ئێمەدا دەژیت".
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ھاووڵاتییان ھاوکاری تیمەکانی سەرژمێریی بکەن و زانیاریی ڕاست و دروست پێشکەش بکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھەروەھا ئاماژەی بەو ڕۆڵە گرنگە کردووە کە کارمەندان و پێکھاتەکان و دەزگا حکومییەکان لە سەرخستنی سەرژمێریدا دەیگێڕن و ڕایگەیاندووە کە پێویستە ھاووڵاتییان گرنگی بەو دەنگۆی ھەندێک لایەن نەدەن کە ھەوڵی پوچەڵکردنەوەی ئەم ھەنگاوە زانستییە بنیاتنەرە دەدەن کە بۆ داھاتووی عێراقییەکان، یەکلاکەرەوەیە.
ھەروەھا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە محەمەد شیاع سوودانی بارەگای وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاریی جوگرافی بەسەر کردووەتەوە کە لە میانیدا بەداداچوونی بۆ بەڕێوەپێشچوونی جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری عێراقدا کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیتشووان لە عێراق و ھەرێم دەستی پێکرد کە لە میانیدا جگە لە ھاووڵاتییان، ھەروەھا ھەموو ئەو شتانە تۆمار دەکرێن کە لەماڵەکاندا ھەن، ھەر بژمێرێکیش ١٢٠ خێزان تۆمار دەکات و ماوەی دوو ڕۆژیش بەردەوام دەبێت.