Zana Natık Kerem
14 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گۆڕانكاری لە ژمارەیەك پۆستی باڵادا، ئەنجام دا.
سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵیی عێراق ئاشكرای كردووە كە مستەفا كازمی گۆڕانكاری لە ژمارەیەك پۆستی باڵادا ئەنجامداوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییە نوێیەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی ئەنجامیداوە، هەریەك لە مستەفا غالب موخیف كیتاب كراوە بە پارێزگاری بانكی ناوەندی و سوها داود ئەلیاس نەجار كراوە بە سەرۆكی دەستەی نیشتمانیی بۆ وەبەرهێنان.
بەگوتەی سەرچاوەكە هەریەك لە ئەندازیار منهەل عەزیز رەئوف حەبوبی كراوە بە ئەمینداری بەغدا و سالم جەواد عەبدولهادی چەلەبی كراوە بە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق (TBI).
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە كە خالید عوبێدی كراوە بە بریكاری كاروباری ئۆپەراسیۆنەكان لە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و فالح یونس حەسەن كراوە بە بریكاری دەزگای ئاسایشیی نیشتمانی.
باسی لەوەیش كردووە کە حەسەن حەلبوسی حەمزە كراوە بە سەرۆكی دەستەی كاغەزە داراییەكان و سامی مەسعودی كراوە بە سەرۆكی دەستەی حەج و عەمرە و عەلا جەواد حەمید كراوە بە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی.