Rewa Mahmood Hasan
14 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2020
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ ١٤ی ئەیلوول پرۆژەی ماڵی تەندروستی بەهەماهەنگی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی و یەکێتی لەشجوانی و لەشڕێکی/سلێمانی و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنی (CDO) زنجیرە سیمینارێک رێکخرا تایبەت بە هەڵە باوەکانی وەرزشی لەشجوانی و هەوڵدان بۆ راستکردنەوەیان.
پرۆژەکە تایبەت بە راهێنەرانی لەشجوانی پاڵەوانەکانی ئەو بوارە بوو و چەند سیمینارێکی لە خۆگرتبوو، بۆ دوورکەوتنەوە لە خورافە باوەکان کە خزاونەتە نێو وەرزشی لەشجوانی بەناوی زانستەوە دەفرۆشرێتەوە بەهاووڵاتییان.
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە عومەر ئەحمەد ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئێمە ئەمڕۆ سێیەم رۆژی سیمینارێکی تایبەتە بە راهێنەرانی لەشجوانی، وەک ئاشکرایە وەرزشی لەشجوانی یەکێکە لەو وەرزشانەی کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان سەرقاڵیین، بەڵام بەتەواوی فەرامۆش کراوە و وەک پێویست خزمەت نەکراوە، بۆیە بە بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی و یەکێتی لەشجوانی و لەشڕێکی/سلێمانی و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنی (CDO) زنجیرە سیمینارێک رێکخرا تایبەت بە هەڵە باوەکانی وەرزشی لەشجوانی و هەوڵدان بۆ راستکردنەوەیان".
ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە رۆژانی داهاتوودا لە پارێزگا و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، سیمینارەکان پەرە پێ دەدەن.
بەشداربوویەکی سیمینارەکە و راهێنەری وەرزشی لەشجوانی، بەیان عیسمەت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوەی سێ رۆژە بەردەوامین لەم سیمینارە، بەرچاوڕوونییەکی زۆر باش بوو بۆ ئەو یاریزانانەی کە لە هۆڵەکاندا سەرقاڵی وەرزشن، تایبەت لە بواری پێکان، جوڵە باوەکانی یارییەکە و چۆنیەتی و چەندێتی ئەو خۆراکانەی دەیخۆن، بەتایبەت زۆرێک لە راهێنەرەکان بەشداربوون کە ئەمەیش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تەواوی هۆڵەکانی وەرزشی لەشجوانی تاوەکو بەشێوەیەکی تەندروست و زانستییانە ئەو وەرزشە ئەنجام بدەن".