Zana Natık Kerem
08 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند كە هەفتەی داهاتوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی ئەمریكا دەكات.
لە راگەیەندراوێكدا نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەواڵێكی كۆشكی سپی سەبارەت بە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكا پشتڕاستكردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە 20ی ئەم مانگە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، سەردانی واشنتۆن دەكات و لە میاندا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كۆدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوە دراوە كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی و دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ دەكەن لەوانە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دۆقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لەگەڵ هاوكارییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی ئاسایش، وزە، تەندروستیی، ئابووری و وەبەرهێنان.
باس لەوەشكراوە كە لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) دەخرێتە بەرباس.
پێشتر كۆشكی سپی رایگەیاندبوو كە لە 20ی ئەم مانگەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی واشنتۆن دەكات و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كۆدەبێتەوە.
لە ماوەكانی رابردوودا، راگەیەندرابوو كە بەم زووانە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە ئامانجی دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن سەردانی ئەمریكا دەكات.
لە 11ی حوزەیرانی رابردوودا، یەكەم قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمریكا سازكرا كە لە میانیدا سەبارەت بە كۆمەڵێك تەوەر بیروڕا ئاڵوگۆڕی كرا لەوانە ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئابووری، وزە، بابەتە سیاسییەكان و كولتووری نێوان هەردوو وڵات.