Zana Natık Kerem
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
ھەولێر – AA
دوای ئەوەی منداڵێکی کچ لە شاری بەسرە دەستدرێژی دەکرێتە سەرى و دەکوژرێت، سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لەسەر رووداوەکە داوای کرد کە سزای توندی ئەنجامدەری ئەو تاوانە بدرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی سەرکۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرکۆمار عەبدولـلەتیف رەشید بەگرنگییەکی زۆرەوە بەدواداچوونی بۆ رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی کچ لە شاری بەسرە کردووە و رایگەیاندووە: "رووداوەکە، رووداوێکی وەحشیگەرانەیە و دوورە لە بەھا و نەریتی ئەو کۆمەڵگایەی کە عێراقییەکان تیایدا پەروەدەکراون، ھەر ئەوەیش وایکردووە کە کۆمەڵگا بە ھەستێکی توڕەییەوە سەیری رووداوەکە بکات".
بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید ئاماژەی بەوەداو کە پێویستە لایەنەکانی ئەمنی، دادوەریی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی گرنگیی زۆر بەو رووداوە بدەن، بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە و داوای کرد کە سزای توندی ئەنجامدەری ئەو تاوانە بدرێت.
رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە شاری بەسرە باشووری عێراق، کچێکی تەمەن حەوت ساڵ، لەلایەن کەسێکەوە دەستدرێژی کرایە سەری و کوژرا، دواتر بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
ئەو رووداوە کاردانەوەی توندی لە عێراق بەدوای خۆیدا ھێنا، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە داوای دەکرێت ئەنجامدەری تاوانەکە سزای توند بدرێت.