Rewa Mahmood Hasan
17 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
بەغداد-AA
لە بەغدا سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح پێشوازی كرد لە سەرۆكی دەستەی خاڵە سنوورییەكان، عومەر وائیلی.
لە دیدارەکەدا سەركۆماری عێراق جەختی كردەوە لە گرنگی رێكخستن و پاڵپشتیكردنی بوودجەی دەوڵەت بە پشتیوانی خاڵە سنوورییەكان و پەرەپێدانی سەرچاوەكان لەڕێگەی پتەوكردنی رێوشوێنەكانی چاودێری و وردبینی، هەروەها بەكارهێنانی ئامراز و سیستەمی جێگەی باوەڕی نێودەوڵەتیی لە خاڵە سنوورییەكان كە ببێتە مایەی زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
لە راگەیەندراوێکی کۆشکی کۆمارییدا کە کۆپیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە بەشێکی دیدارەکەدا، بەرھەم ساڵح جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی رێكخستنی خاڵە سنوورییەكان و یەكخستنی رێوشوێنەکانی كاركردن تیایاندا، ھاوکات بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لەڕێگەی جێبەجێكردنی یاسا و رێسای كارا بۆ كار پێ كردنی دەستەکە، هاوکات بەهێزكردنی رێوشوێنەكانی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی.
لەلای خۆیەوە عومەر وائیلی وردەكاری و هەوڵەكانی دەستەكەی خستە روو، لەبارەی زیادكردنی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و چاككردن و باشكردنی ژێرخانی ئابووری و هەماهەنگی كردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئاسانكاری خزمەتگوزاری پێویست بۆ گەشتیاران و ئەو كەسانەی لە بواری بازرگانیدا، كار دەكەن.