Rewa Mahmood Hasan
17 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2020
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەرى فۆڕمى خۆراک لە پارێزگای سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا پسوولەی خۆراکى ٢٠١٧-٢٠١٨یان وەرنەگرتووەتەوە ناتوانن پسوولەی ٢٠٢٠-٢٠٢١ وەرگرن.
ئەمڕۆ ١٧ی ئاب لە کۆمەڵگای بازرگانیی لەناو بینای چاودێری بازرگانیی سلێمانی سەبارەت بە دابەشکردنی پسوولەی خۆراک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رێکخرا و تیایدا هاووڵاتییانی شاری سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی ئاگادارکرانەوە کە ئەگەر پسوولەی خۆراکی ٢٠١٧-٢٠١٨یان وەرنەگرتووەتەوە، بەپەلە بچن بەدەم داواکەیانەوە و پسوولەکانیان وەرگرنەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری فۆرمی خۆراک لە پارێزگای سلێمانی، یاسین مەحمود حەمە گوتی: ''سەرقاڵی وردبینی و جیاکردنەوەی پسوولەی خۆراکی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ین بۆ هاووڵاتییان، بەپێی ئەو رێنماییانەی وەزارەتی بازرگانی عێراق پێی داوین و ئەو بریکارانەی پسوولەی خۆراکی ٢٠١٧-٢٠١٨ی نەگێڕابێتەوە، بۆمان پسوولەی خۆراکی نوێی پێ بدەین، بۆیە چەندین جار ئەم ئاگاداریەمان بڵاوکردەوە کە هاووڵاتییان بچن پسوولەی خۆراکەکانیان وەرگرنەوە، بەڵام نەهاتوون بەدەم داواکاریەکەمان، تا ئێستا ١١ بریکار پسوولەکانیان بۆ گێراوینەتەوە، بۆیە داوا دەکەین بەپەلە هاووڵاتییان بێن بەدەم داواکانمانەوە ئەگەر نا بێبەش دەبن لەو مافەی کە هەیانە".