Zana Natık Kerem
03 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا گەیشتە شارەکە.
بەپێی ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ھەریەک لە سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی گەیشتوونەتە قەزای شنگال.
باسی لەوەش کردووە کە ئامانج لە سەردانەکە، ئاگاداربوونە لە رەوشی ئەمنی قەزای شنگال.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە شاندەکە لە میانی سەردانەکەی بۆ قەزای شنگال، ھێزە سەربازییەکانی لە قەزاکەی بەسەرکردووەتەوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوو رۆژ لەمەوبەر لە ناحیەی سنونێ سەربە قەزای شنگال شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە رووی دا.
ــ رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.