Aras Husein
01 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2021
دهۆک - AA
نووسینگەی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخوی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "لە سنووری پارێزگای دھۆک بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەدا ٧٠ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و ٧٣ ھەزار و ٤٥٥ ئاوارەش ناوەکانیان لە بنکەکانی ھەڵبژاردن لە دھۆک تۆمارکراوە".
نووسینگەی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخوی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئامار، داتا و ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران خستەڕوو.
بەرپرسی نووسینگەی دھۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخوی ھەڵبژاردنەکان، خالد عەباس عومەر گوتی: "وا بڕیار بوو کە لە ٣١-ی مانگی رابردوو، وادەی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەران کۆتایی بێت، بەڵام بە چەند نووسراوێک داوامان لە کۆمیسیون کردووە کە وادەکە درێژ بکاتەوە و دوێنی ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاریاندا کە وادەکە تاوەکو ١٥-ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، بۆیە داوا لەو دەنگدەرانە دەکەین کە تا ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە تا ئەو وادەیە خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لە مافی دەنگدان بێ بەش نەبن".
خالد عەباس عومەر گوتی: "ژمارەی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان ھەیە لە سنووری پارێزگای دھۆک ٨٢٧ ھەزار و ٦٥٨ کەسە، لەو ژمارەیە تا ئێستا لەسەدا ٧٠یان تۆماری بایۆمەتریان ئەنجامداوە و لەو رێژەیە لەسەدا ٩٣ کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە و لەبارەی دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگای دھۆک ٥٠ ھەزار و ٤٦٨ دەنگدەرمان ھەیە کە زۆرینەیان تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە کە رێژەکە لەسەدا ٩٨ بۆ لەسەدا ٩٩-ە .
بەرپرسی نووسینگەی دھۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخوی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لەبارەی تۆماری بایۆمەتری بۆ ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک گوتی: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠٠ ھەزار دەنگدەری ئاوارەمان ھەیە، تا ئێستا هەشت ھەزار و ٢٦٥ کەس لەوانە لە بایۆمەتری تۆمارکراون و ٧٣ ھەزار و ٤٥٥ دەنگدەر ناوەکانیان لە بنکەکانی دەنگدان لە سنووری پارێزگای دھۆک تۆمارکراون. لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ نزیکەی لەسەدا ٧٠ی دەنگدەرانی ئاوارە تۆمارمان کردبوون ئێستا تەنیا پێویستیمان بەوەیە کە ناوەکانیان بکەوێتە لیستی دەنگدەران لە بنکەکانی ھەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای دھۆک".
خالد عەباس عومەر گوتیشی: "تا ١٥ی مانگی چوار ئەگەر ئاوارەکان خۆیان تۆمار نەکەن، ناتوانن لە سنووری پارێزگای دھۆک دەنگ بدەن و دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".
بەرپرسی نووسینگەی دھۆکی کۆمیسیونی باڵای سەربەخوی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە بارەی بنکەکانی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەران گوتی: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ٤١ بنکەی تۆمارکردنی بایۆمەتریمان ھەن کە لە ھەموو رۆژەکانی هەفتە لە کاتژمێر ھەشتی بەیانی تاوەکو سێی ئێوارە، دەنگدەرانی دھۆک و ئاوارەکان تۆماردەکەن" .
خالد عەباس عومەر باسی لە تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان کرد و گوتی: "تۆمارکردنی ھاوپەیمانییەکان تاوەکو ١٧ی نیسان بەردەوام دەبێت کە ئەمە لە بەغدا ئەنجامدەدرێت و لایەنە سیاسییەکان لەوێ خۆیان تۆماردەکەن و تۆمارکردنی تاکەکەسیش تاوەکو یەکی ئایار بەردەوام دەبێت کە ئەمە لە نووسینگەکان ئەنجام دەدرێت و ھەر کەسێک بیەوێت سەربەخۆ خۆی کاندید بکات بۆ ھەڵبژاردنەکان ئەوا لە نووسینگەکانی کۆمیسیۆن خۆی تۆماردەکات و تاوەکو ئێستا ھیچ کەسێک لە سنووری پارێزگای دھۆک بەشێوەی سەربەخۆ لە نووسینگەکەمان خۆی تومار نەکردووە".
خالد عەباس عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "داوا دەکەین ھەموو دەنگدەران بێن خۆیان تۆمار بکەن چونکە ئەگەر کۆمیسیون بڕیار بدات تەنیا کارتی بایۆمەتری بۆدەنگدان بەکاربھێنرێت، ھەموو ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار نەکردووە بێ بەش دەبن لە مافی دەنگدان ھەرچەندە ئەم بڕیارە کراوەیە بۆ ئەنجوومەنی کومیسیاران، بەڵام تا ئێستا بڕیار ئەوەیە کە تەنیا کار بە کارتی بایۆمەتری دەنگدەران بکرێت".
وا بریارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە بو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەنجام بدرێت.