Haydar Karaalp
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
بەغدا - AA
ئەو سیاسەتەی ئاو کە ئێران پەیڕەوی دەکات، بووەتە ھۆکاری لە دەستدانی کشتوکاڵ لە عێراق و بیابیانبوونی لێکەوتووەتە، ھاوکات رێگەی بۆ قەیرانی کەمیی ئاویش لە وڵاتەکە خۆش کردووە.
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٠ ملیۆن کەسە، سەدا ٩٠ی داھاتەکەی لە فرۆشتنی نەوت بەدەستدەھێنێت، بەشێکی گەورەی پێداویستیی ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات دابیندەکات.
بەرنەدانەوەی ئاو بەتایبەتی لە وەرزی ھاویندا، گۆڕینی ئاراستەی ئاوەکان و درووستکردنی بەنداو لەلایەن ئێرانەوە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ژیانی عێراقییەکان درووستکردووە و بووەتە ھۆی ناڕەزایەتی خەڵک.
- ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئێران
لە ھاوینی ساڵی ٢٠١٨دا کاتێک پلەکانی گەرما لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق ٥٠ پلەی تێپەڕاندبوو، ھاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی ئێران لە بەرامبەر بڕینی ئاو رژابوونە سەر شەقامەکان.
بەپێی چەند راپۆرتێک، ئەو ئاوە پیس و سوێرەی کە لە خاکی ئێرانەوە دەڕژێتە ناو عێراق، بووەتە ھۆی تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و زۆربەی جووتیارانی ناچار کردووە زەوییەکانیان جێبھێڵن و رووبکەنە سەنتەری پارێزگاکە.
بڕینی ئەو بڕە ئاوە لەسەر عێراق، کاریگەریی جیددیی لەسەر خەڵکی دیالە لە رۆژھەڵاتی وڵاتەکە کردووە.
ناوچەیەکی دیکەی عێراق کە بڕینی ئاو کاریگەری تێدا کردووە، ھەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دوکانە لە پارێزگای سلێمانی باکووری عێراق.
ئێران چەندین جار ھەوڵی بڕین و کەمکردنەوەی ئەو بڕە ئاوە دەدات کە بۆ ئەم ناوچەیە دێت.
بەتایبەتی ئەو کێشەیەی کە لە وەرزی ھاویندا روودەدات، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش تووشی دۆخێکی قورس دەکات.
- عێراق، دەیەوێت کێشەی ئاو لەگەڵ ئێران بگەێنێتە دادگای نێودەوڵەتیی
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی پێش ماوەیەک لە راگەیەندراوێکدا، داوای لە ئێران کردبوو کە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی ١٣ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ی تایبەت بە دابەشکردنی ئاوی شەتولعەرەب کە لە بەیەک گەیشتنی رووبارەکانی دیجلە و فورات پێکدێت و رەخنەی گرتبوو لە گۆڕینی ئاراستەی ئاوەکەی لەلایەن ئێرانەوە و ئەم کارەی بە پێشێلکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتی وەسفکردبوو.
مەهدی رەشید حەمدانی لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی عێراق، گوتی: "وەزارەتی دەرەوەمان، سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارە پێویستەکانە بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا لە دادگا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران".