Heman Hussein Yaseen
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2021
دھۆک - AA
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دهۆک و بە بەشداری ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و چەندین کەسایەتی سیاسیی لە ناوەخۆ و دەرەوە بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دھۆک، مەسرور بارزانی بەخێرھاتنی میوانەکانی کرد و باسی لە ئامانجەکانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد.
مەسرور بارزانی رایگەیاند: "جگە لە کەشوهەوای سیاسی، کەشوهەوای سرووشتیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئەوە کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان وڵاتان هەیە".
دواتر سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح بە هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبی گوتاری پێشکەش کرد.
سەرکۆماری عێراق لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر کێشە و ئاڵۆزییەکانی عێراق و جەختی لەسەر جارەسەرکردنیان بە شێوازی یاسایی و دەستووری کرد.
بەرهەم ساڵح گوتی: "ئەمجارە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، گۆڕانکارییەکان گرنگن و هیوادارم بە رێگەی یاسایی و دەستووریی بتوانین کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەت چارەسەر بکەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرهەم ساڵح باسی لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و چارەسەرەکەی بە گرنگ زانی و گوتی: "٢٠ ساڵ دوای پەسەندکردنی دەستوور، بۆچوونی جیاواز لەسەر دەستوور هەیە بەتایبەتی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا".
لە کۆڕبەندەکەدا کە تا سبەی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچێت؛ پانێڵی یەکەم لەبارەی داھاتووی عێراق لە دوای ھەڵبژاردنە بە بەشداری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی، هەروەها لێکۆڵەر رەحیم ئەبورەغیف.