Sarmand Hameed
15 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا، پێشوازیی کرد لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بڵاوکراوەتەوە لە میانی دیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دیارترین کێشە سیاسییەکانی عێراق لە سەروویانەوە دۆسیەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرچەکردارەکانیان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر لە میانی دیدارەکەدا "قەیس خەزعەلی کۆمەڵێک بەڵگەی لەسەر ساختەکاری و دەستکاریکردنی زەقی لەسەر هەڵبژاردنەکان خستووەتەڕوو".
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیووە لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەهەڵبژاردنەکان بەرلە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی، هاوکات جەختیشی کردووەتەوە کە "چوارچێوەی هەماهەنگیی" بەردەوام بووە لە بەدواداچوونی رێکارە یاساییەکانی تایبەت بەو دۆسیەیە.
لە لای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بەڵگانەی کە قەیس خەزعەلی پێشکەشی کردووە کە تیایدا داوای لە جێنین هێنیس پلاسخارت کردووە بێلایەن بێت لەو کێشانەی کە سەریانهەڵداوە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانی ئێستا و رێگەگرتن لە گەیشتنی وڵات بە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەردوولا بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە پەیوەندیکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستووە.
هاوپەیمانی فەتح کە چەتری سیاسیی گرووپە چەکدارە شیعەکانە لەوانە عەسائیب ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، بە بەدەستهێنانی ١٦ کورسی دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنەکە یە. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، بە بەدەستهێنانی ٤٨ کورسی براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە بوو.
نزیکەی سێ هەفتەیە لە عێراقدا گرژیی سیاسیی هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمیان رەتکردەوە و داوای دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان دەکەن، هەروەها بەشێک لە لایەنەکان لە سەروویانەوە هاوپەیمانی فەتح، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات کە کۆنترۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کردووە و رۆڵی نەرێنی دەگێڕێت و لە دەرەوەی مەودای کارکردنیدا دەستوەردان دەکات.
رۆژی هەینی پێنجی تشرینی دووەم لە میانی خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئەو هێزانەی کە ئەنجامی هەڵژاردنی پێشوەخت رەت دەکەنەوە، لە بەغدا پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران رووی دا و بەپێی وەزارەتی تەندروستی و سەرچاوەیەکی پزیشکیی لە خۆپیشاندانەکەدا، ١٢٥ کەس برینداربوون کە ٢٧یان کارمەندی ئەمنیی بوون.
بەرەبەیانی رۆژی حەوتی تشرینی دووەم، سوپای عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بووە و راشیگەیاند کە هێرشەکە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بۆسەر شوێنی مانەوەی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا ئەنجامدراوە.