06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "بە بڕیاری ئایاسۆفیا، تورکیا سێبەرێکی سەر سەربەخۆیی لابرد و لە کەلەپچەیەکی دیکە رزگاری بوو کە لە ئیرادەی درابوو''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هەفتەی کارمەندانی مزگەوت و ئایین کە لە ناوەندی کولتوور و کۆنگرەی گەل لە بێشتەپە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا باسی لە هەڵکشانی دوژمنایەتیکردنی ئیسلام کرد لە وڵاتانی خۆرئاوادا و گوتی: ''ئەمڕۆ لە زۆر وڵاتی خۆرئاوادا، رەگەزپەرستیی و دوژمنایەتیکردنی ئیسلام لەلایەن دەوڵەت خۆیەوە پارێزگاری لێدەکرێت''.
گوتیشی: "ئەوانەی لەبری رووبەڕووبوونەوەی نەژادپەرستی و ئیسلامۆفۆبیا رێگایان لێ هەڵە بووە، کەوتوونەتە تانەدان لە کۆمەڵگەکانی خۆیان".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتمەدارانی ئەورووپا شکستەکانی خۆیان بە هێرشی سەر موسڵمانان دادەپۆشن و گوتی: ''هێرشکردنە سەر موسڵمانان بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکان کە سیاسەتمەدارانی ئەورووپا بەکاریدەهێنن بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کە گوتبووی 'ئیسلام لە قەیراندایە'، گوتی: " ئەو لێدوانە لە شارێک کە ژمارەیەکی زۆر موسڵمانی تیادا نیشتەجێیە جگە لە بێڕێزی، چەواشەکارییەکی ئاشکراشە".
گوتیشی: ''ئیدی چاوەڕوانین لە خۆی (ماکرۆن) لەبری ئەوەی وەک پارێزگاری داگیرکەر، وەک پیاوێکی دەوڵەتی بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکات''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتی: "باسكردنی 'بونیاتنانهوهی ئیسلام' وهكو سهرۆكی فهڕهنسا، سنووربهزاندن و بێ ئهدهبییه".