Sarmand Hameed
07 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2021
بەرێوەچوونی رێوڕەسمی ئایینی مەسیحیی بە ئامادەبوونی پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە یاریگای نێودەوڵەتیی فراسنۆ ھەریری لە ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان.
https://www.aa.com.tr/tr/live?id=64 - راستەوخۆ
بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس و لهنێویشیاندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ژمارەیەک لە سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت کە بە جلی کوردییەوە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو، لە یاریگای نێودەوڵەتیی فرانسۆ هەریری لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس رێوڕەسمێکی ئایینی بەڕێوەبرد.
پاپا فرەنسیس کە بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە گەیشتە هەولێر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی چووە شاری مووسڵ و دواتر سەردانی شارۆچکەی قەرەقۆشی کرد و لە کڵێسای تاهیرە بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی مەسیحی کرد.
دوای گەڕانەوەی لە شاری مووسڵ چووە شارۆچکەی عەینکاوەی زۆرینە كریستیاننشین لە هەولێر و سڵاوی لەو هاووڵاتییانە کرد کە بۆ بینیی هاتبوونە سەر شەقامەکانی شارۆچکەکە.
دواتر پاپا لەنێو ئاپۆڕای جەماوەریی گەیشتە یاریگای نێودەوڵەتیی فرانسۆ هەریری کە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە چاوەڕوانییدابوون.
پاپا بە گەیشتنی بە یاریگاکە، لەنێو ئۆتۆمبێلێکی تایبەتەوە بەنێو یاریگاکەدا سووڕایەوە و سڵاوی لەوانە کرد کە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
پاشان رێوڕەسمێكی ئایینیی دەستیپێکرد و تیایدا پاپا فرەنسیس گوتارێکی پێشکەشکرد.
پاپا لە گوتارەکەیدا کە گوتارێکی ئایینی بوو، باسی لە پیرۆزیی مەسیح و خۆشەویستی خودا کرد و رایگەیاند، خودا مەسیحی بۆ ئاشتی ناردووە.
پاپا فرهنسیس کە بە هەڵگرتن و هێنانی پەیامی ئاستی و برایەتیی هاتووەتە عێراق لە گوتارەکەیدا گوتی: "هەموومان برینی توندوتیژی لەسەر جەستەماندا هەیە. پێویستە لە رێگەی کردارەکانمانەوە هەڵەکان راست بکەینەوە".
پاپا فرەنسیس باسی لە ئاشتی و پێکەوەژیان کرد و گوتی: "پێویستە هەموومان پشتیوانی ئاشتیی و دۆستایەتی بکەین".
لەبارەی نۆژەنکردنەوەی ئەو کڵێسایانەی کە بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە زیانیان بەرکەوتووە و خۆڕاگریی کریستیانەکەوە، پاپا گوتی: "کاری باش لە کڵێساکانی عێراق کراوە، بەشێکی زۆرتان هاوکاریتان پێشکەش کردووە، خۆڕاگریی و بەزەیی بەکترتان والێکردم ئەم حەجە بۆ عێراق ئەنجامبدەم، هاتووم بۆ ئێرە تاوەکو سوپاستان بکەم".
دوای گوتارەکەی پاپا فرەنسیس رێوڕەسمەکە بە گوتنەوەی سرووتی ئایینی مەسیحی درێژهی پێدرا.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پاپای کڵێسای کاسۆلێکی، پاپا فرەنسیس لە سێیەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، گەیشتە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی پێشوازیی لێکرا.
https://www.aa.com.tr/tr/live?id=64 - راستەوخۆ