عێراق

سوپای عێراق: "هێرش ئاسمانیی بۆسەر تیرۆریستانی داعش بەردەوامیان هەیە"

- فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق: "هێرشە ئاسمانییەكان كە بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر تیرۆریستانی ئەو رێكخراوە ئەنجام دەدرێن بەردەوام لە زیادبووندایە".

Zana Natık Kerem  | 20.09.2020 - نوێکردنەوە : 20.09.2020
سوپای عێراق: "هێرش ئاسمانیی بۆسەر تیرۆریستانی داعش بەردەوامیان هەیە"

Arbil

هەولێر ــ AA

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەكان كە بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر تیرۆریستانی ئەو رێكخراوە ئەنجام دەدرێن بەردەوام لە زیادبووندایە.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵیی عێراق رایگەیاندووە كە هێرشە ئاسمانییەكان دژبە تیرۆریستانی داعش بەردەوامە و گوتی: "كاری هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بواری هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق گرنگە بە تایبەتیش لە پێشكەشكردنی زانیاری هەواڵگریی".

گوتیشی: "ئەو هێرشە ئاسمانییانەی كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعشەوە ئەنجام دەدرێن لە پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، زۆر گرنگە".

لیوا تەحسین خەفاجی ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە 2014وە لەسەر داوای حكوومەتی عێراق لەگەڵ عێراق كار دەكات لە پێناو ریشەكێشكردنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

باسی لەوەشكرد كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش مەشقێكی زۆریان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردووە گوتی:

"ئێستا دەتوانین لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، پشت بە خۆمان ببەستین، جگە لەوەیش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە ماوەكانی رابردوودا، ژمارەیەك بنكەی سەربازییان رادەستی سوپای عێراق كردووەتەوە كە ئەوەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش متمانەی تەواوی بە ئەرك و توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەیە".

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی راشیگەیاند كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش هاوبەشێكی گرنگی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و گوتی: "ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایانی سەربازی سەربە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش دوای ئەوەی مەشق و راهێنانانی بە هێزە ئەمنییەكان كردووە، عێراقیان جێهێشتووە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın