عێراق

سوودانی: "ھێرشەکەی سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگریی عێراق دەستدرێژیکردنە بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت"

- سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی ھێرشەکەی سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگریی عێراقیان ئەنجامداوە، گرووپێکی ترسنۆکن و سەروەری عێراقیان پێشیڵکردووە و دەستدرێژییان کردووەتەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت.

Zana Natık Kerem  | 22.03.2026 - نوێکردنەوە : 23.03.2026
سوودانی: "ھێرشەکەی سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگریی عێراق دەستدرێژیکردنە بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ھێرشەکەی سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگریی عێراق، بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت لەقەڵەمداوە ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی ھێرشەکەیان ئەنجامداوە، گرووپێکی ترسنۆکن و سەروەری عێراقیان پێشیڵکردووە و دەستدرێژییان کردووەتەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت.

دوێنێ شەممە، بە ئاراستەکردنی دڕۆنێکی خۆکووژ، ھێرشکرایە سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگریی عێراق لە ناوچەی مەنسوور لە بەغدا و بەھۆیەوە ئەفسەرێکی دەزگاکە کوژرا.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بارەگای دەزگای ھەواڵگریی عێراقی لە بەغدای پایتەخت بەسەرکردووەتەوە و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆک و ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری دەزگاکە کۆبووەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لەوەی لەگەڵ دەزگای ھەواڵگریی لێکۆڵینەوەی ورد بکەن لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێ شەممە بۆ سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگریی، ھەروەھا دوای لێکۆڵینەوەکەیش ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە ھێرشەکەیان ئەنجامداوە.

ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا، ھێرشەکەی سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگریی عێراقی، بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت لەقەڵەمداوە ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی ھێرشەکەیان ئەنجامداوە، گرووپێکی ترسنۆکن و سەروەری عێراقیان پێشیڵکردووە و دەستدرێژییان کردووەتەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و گوتی: "ئەو کەسانەی عێراقییەکان دەکەنە ئامانج، نوێنەرایەتی عێراق ناکەن و ھیچ ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت پاساو بۆ ئەم تاوانە بھێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئایدۆلۆژیایەک لە پشت ئەنجامدانی ئەم تاوانەوە ھەبێت، بێ گومان ئەوە شێواوە و وێرانکەرە".

ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەھەمبەر تاوانی ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان و پێشێلکردنی بەرژەوەندی و سەروەریی وڵات، بێدەنگ نابێت و ڕاشیگەیاندووە کە پێویستە ھێزە سیاسییەکانی عێراق، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و ھەڵوێستێکی ڕوونیان ھەبێت سەبارەت بەم ھێرشانە کە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەکەنە ئامانج و داھاتووی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە: "ھەندێک لایەن ھەن کە مافی بڕیاردانیان لەسەر شەڕ و ئاشتی بەخۆ داوە، بەڵام ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم بڕیارە تەنھا لەدەستی دەوڵەتدایە و تەنھا دەوڵەت بەرژەوەندییەکانی عێراق دیاری دەکات و دەیپارێزێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın