Zana Natık Kerem
15 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، پێویستە لە میانی ئەمساڵدا، سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی لە میانی ئەمساڵدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای نیشتەجێبوونی کردووە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بەڵگەنامەی نیشتمانیی بۆ سیاسەتی نیشتەجێبوونی نوێ کە لەلایەن ئەنجوومەنی وزاریی بۆ گەشەسەندنی مرۆیی پێشکەش کرابوو، پەسەند کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەوڵەکان بخرێنەگەر لە پێناو ئەوەی لە میانی ئەمساڵدا، سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت.
ئەوەیشی خستووەتەڕووە کە محەمەد شیاع سوودانی داوای کردووە سەرجەم توانا و پێداویستییە مرۆیی، تەکنیکی، دارایی ولۆجستییەکان دابین بکرێن، بۆ ئەوەی بتواندرێت لە میانی ئەمساڵدا، سەرژمێری گشتیی ئەنجام بدرێت و گوتوویەتی "پرۆسەکە گرنگی خۆی ھەیە، بە تایبەتی لە ئامادەکرنی پلانەکانی داھاتوو، ھەروەھا گەشەسەندنی کۆمەڵگا".
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، رێکارەکانی دەزگای ناوەندیی بۆ سەرژمێری و ئامار سەربە وەزارەتی پلاندانان، ھەروەھا پێداویستییەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی تاوتوێ کراون.
لە ٢٤ی مانگی رابردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو کە دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتوان پێکھێنراوەتەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم سەرۆکایەتی دەکات.
بەپێی زانیارییەکان لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، حەوت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش لە ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧دا.
بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ کەس.