Zana Natık Kerem
10 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە چی دیکە پاشماوەکانی تیرۆر ھەڕەشە نیین بۆسەر عێراق، ئەمڕۆ گەلانی عێراق لە ئاسایش و سەقامگیرییدا دەژێن.
محەمەد شیاع سوودانی لە ١٠ھەمین ساڵیادی داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "١٠ ساڵ لەمەوبەر، لە بارودۆخێکی نادیاردا، تیرۆریستییەکانی داعش تاوان و دوژمنکاری خۆیان لە دژی گەلەکەمان لە مووسڵ ئەنجامدا".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەو قۆناغە بە ئازارێکی زۆرەوە بۆ قوربانییە بێتاوانەکان لە ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراق بەبیردەھێنینەوە کە بە غەدری ئەم چەتە تاریکانە و ئەو ھێزانەی کە پاڵپشتیان بوون کرانە ئامانج، بەڵام ئێمە جارێکی دیکە شانازی بەو یەکگرتووییەی گەلەکەمان دەکەین، ھەروەھا فەتواکەی مەرجەعی باڵا، عەلی سیستانی ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووداوەکان بەرەو بەدەستھێنانی سەرکەوتنێکی بەھێز بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری عێراق و یەکگرتوویی خاک و گەلەکەی".
باسی لەوەش کردووە: "سەرکەوتنی بەسەر تیرۆردا، دەستکەوتێکی بەنرخ بوو، چونکە پێکەوەژیانی گەلەکەمانی پشتڕاستکردەوە و چارەنووسی مێژوویی ئێمەی لە پێکەوەژیانی برایەتیدا چەسپاند و ئێمە لەو ئەزموونە بەھێزتر و بە ئیرادەتر دەرچووین و بەردەوامبووین لە ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدانی عێراق".
ھەروەھا لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، ھاتووە: "عێراقییەکان لە ڕێگای قوربانیدانەوە و بە یارمەتی دۆستەکانیانەوە، شەپۆلی توندڕەوی و تیرۆریان شکاند و چی دیکە پاشماوەکانی تیرۆر ھەڕەشە نیین بۆسەر عێراق، ئەمڕۆ گەلانی عێراق لە ئاسایش و سەقامگیرییدا دەژێن".
مووسڵ کە بە دووەم گەورەترین شاری عێراق داندرێت لە مانگی تەمووزی ٢٠١٤دا کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و بەھۆیەوە سەدان ھاووڵاتیی کوژران و بە ھەزارانی دیکەیش ئاواربوون، ھەروەھا چەندین مزگەوت، مەزارگە و کڵێسا خاپوور کران.