Zana Natık Kerem
14 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە تاوانی شاڵاوەکانی ئەنفاڵ ڕەگەزپەرستی ڕژێمی بەعسی ئاشکرا کرد و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ستەمکاری لە تاریکی مێژوودا کۆتایی پێھات و عێراقییەکان پێکەوە بەردەوام بوون لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان.
محەمەد شیاع سوودانی لە ٣٧مین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفاڵ لە ھەژماری خۆی لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا ھاتووە: "عێراقییەکان بە ئازارەوە تاوانی ڕژێمی لە ناوچوو لە شاڵاوەکانی ئەنفال و ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیەی کە ٣٧ ساڵ لەمەوبەر دژ بە ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان ئەنجامدرا بەبیر دێننەوە، ئەو تاوانە دڕندانەیە ڕووخساری ناشیرین و ڕەگەزپەرستیانەی ڕژێمی لە دژی گەلەکەمان و ھێزە نیشتیمانییەکان ئاشکرا کرد".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەسەر ڕق و کینەدا سەردەکەون و ڕایگەیاندووە: "ستەمکاری لە تاریکی مێژوودا کۆتایی پێھات و عێراقییەکان پێکەوە بەردەوامن لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان".