Rewa Mahmood Hasan
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
سلێمانی - AA
خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی بۆ رۆژی دووەم بەردەوام بوو و لە بەردەم زانکۆی سلێمانیش توندوتیژی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە دوو خوێندکار برینداربوون.
ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی هاتنەوە سەر شەقام و داوای دەرماڵەکانیان کرد.
خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکی لەبەردەم پەیمانگەوە بەرەو بینای پارێزگای سلێمانی بەرێکەوتن و بەگوتنەوەی دروشمی جیا داوای مافەکانیان دەکرد.
لەلایەکی ترەوە، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی پۆڵیتەکنیک لە بەردەم زانکۆکە گردبوونەوە و بۆ ماوەیەک رێگای سەرەکی بەردەم زانکۆکەیان گرت.
دیلان محەمەد کە خوێندکاری قۆناغی دووی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی-یە و یەکێک بوو لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئێمە وەک خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، بۆ داواکردنی مافێکی سەرەتایی خۆمان کە گێڕانەوەی دەرماڵەکانمانە، هاتووینەتە سەرشەقام، چەندین ساڵە بەبیانووی قەیرانی ئابووریی ئەو دەرماڵانە بڕاون، داوا دەکەین ئەو دەرماڵانەی ساڵانی رابردوومان بۆ بگێڕنەوە و لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەر هێڵ، هاوکاریمان بکەن و داوا دەکەین مامۆستاکانیش لەگەڵمان بن".

لەبەردەم زانکۆی سلێمانی-یش، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێز و داری کارەبایی هەوڵی بڵاوەپێکردنی خوێندکارە خۆپیشاندەرەکانی دا.
بەپێی زانیارییەکان لە ئەنجامی هەڵدانی بەرد و شکانی شووشە، خوێندکارێک برینداربوو، یەکێک لە خوێندکارەکانیش بەهۆی کاریگەریی گازی فرمێسکڕێژەوە تەندروستی تێکچوو رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
لە ساڵانی رابردوودا، مانگانە بری ٣٠ هەزار بۆ خوێندکارانی ناوشار و ١٠٠ هەزار بۆ خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان وەک دەرماڵە خەرج دەکرا و ماوەی دووساڵە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە، ئەو دەرماڵەیە خەرج ناکرێت.