Rewa Mahmood Hasan
07 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
سلێمانی-AA
بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لە شاخێکی زنجیرە چیای ئەزمەر کەوتەوە و لەئێستادا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
پێشنیوەڕۆی دوێنی بەهۆکارێک کە تا ئێستا نەزانراوە، ئاگر لە شاخێکی زنجیرە چیای ئەزمەر کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆری نەمام و دار بەهۆیەوە زیانیان بەرکەوت و سووتان.
بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، ئاگرەکە لە بەشی پشتەوەی شاخەکەوە کەوتۆتەوە و دواتر تەشەنەی کردووە بۆ بەشی پێشەوەی کە دەکەوێتە سەر رێگای سەرەکی دەباشان.
بەپێی زانیارییەکان هیچ خزمەتگوزارییەکی رێگاوبان لە بەشی پشتەوەی شاخەکە نییە، تەنها لە دامێنی شاخەکەدا کۆمپانیایەکی تایبەت بە بیناسازی لێیە کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی گڵ و بەردی شاخەکەن.
بەرپرسی هۆبەی دارستان لە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی، عەلی ئەحمەد لە شوێنی رووداوەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بە هەلیکۆپتەر و ئامێری جیاجیا سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و ئاشکرای کرد کە بەشی زۆری ئاگرەکەکە کۆنترۆڵ کراوە.
عەلی ئەحمەد ئاشکرای کرد کە ئاگرەکە لە بەشی پشتەوەی شاخەکەوە تەشەنەی کردووە و لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە.
بەرپرسی هۆبەی دارستان لە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەیش کرد کە هیچ رێگایەکی سەرەکی بۆسەر شاخەکە نییە تاکو گەشتیار بتوانێت بچێت بۆی و هۆکارێکی کەوتنەوەی ئاگرەکە بووبێت
عەلی ئەحمەد راشیگەیاند کە بەشێکی زۆری پاوان و دەوەن بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون و تا ئێستا زیانەکان نازانرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکرێت.