Dahuk
دهۆک - AA
لە دوێنێ یەکشەممەوە، شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەمە بە دووهم شەپۆلی چڕی بارانبارینی ئەمساڵ هەژمار دەكرێت.
به پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ئیدارهی سهربهخۆی زاخۆ لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لە سەنتەری زاخۆ ٢٠ ملیم، لە قەزای باتیفا ٣٢ ملیم، شارەدێی دەركار ٢٥ ملیم و شارەدێی باتێلێ ١٠ ملیم باران باریووە.
هاوکات بەپێی ئامارێکی هۆبەی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لە سەنتەری شار ٢٨.٨ ملیم، شارەدێی سێمێل ٢٩.١ ملیم، شارەدیی چەمانكێ ٦٣ ملیم، شارەدێی بامەڕنێ ٤٦ ملیم، قەزای ئامێدی ٥١ ملیم، شارەدێی سەرسەنگ ٦٨.٥ ملیم، شارەدێی دێرەلووک ٨٧ ملیم، شارەدیی شیلادزێ ١٢٤ ملیم، شارەدێی زاویتە ٥٢ ملیم، قەزای ئاكرێ ٤٤.٢ ملیم، قەزای بهردهڕهش ٣١.٢ ملیم و قەزای شێخان ٤٠ ملیم، باران باریووە.
بەپێی ڕاگهیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان سبەی سێشهممه ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەرییەکانی شەپۆلی بارانبارین و نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و قووڵ بوونەوەی نا جێگیریی لە کەشی ناوچەکە، شێوازی بارانبارین لە پچڕ پچڕەوە دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەندی بەردەوام و لە هەندێ کات و ناوچە بۆ لێزمە باران لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە هەندێک کاتدا .
