Rewa Mahmood Hasan
02 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2020
سلێمانی - AA
چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییان کردووە، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتییان کردووە کە نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکان بەتایبەت ئەو ئەندامانەی کە پسپۆڕییەکانیان یاسا و دارایی و ئابوورییە بەمەبەستی دووبارە داڕشتنەوە و ئامادەکردنی پڕۆژەیەک بۆ مەبەستی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی و دابەزینی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی.
بەپێی ئەو یاداشتەی کە بە واژووی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، ئازاد محەمەد ئەمین کراوە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پڕۆژەی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی و دابەزینی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی لە دوای پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی پارێزگا ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردەستان کردووە.
وەک لەو یاداشتەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا ئاماژەی پێدراوە، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی ئەوە پڕۆژەیەییان نەداوەتەوە.
بەپێی یاداشتەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن هۆکاری ئەم داواییەیان بۆ دووبارە سەرهەڵدانی قەیرانی مووچە و قەیرانی خزمەتگوزاری چاوەڕوانکراو گەڕاندووەتەوە.
لە وەڵامی ئەو یاداشتەی کە لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەرزکراوەتەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، ئازاد محەمەد ئەمین لیژنەیەكی بۆ بەمەبەستی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی لامەركەزی و كارگێڕی و دارایی بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ سنووری جوگرافی ئەنجوومەکە پێكهێناوە.
بەپێی ئەو فەرمانەی کە رێکەوتی ٢٠٢٠/٤/٣٠ دەرچووە و کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا بە پشت بەستن بە بڕگەی ١٤ لە ماددەی ١٤ی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق و بڕگەی ب لە پەیڕەوی ناخۆی ئەنجوومەکە و ئاماژە بە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کە بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد ئەمین لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٤/٢٣ بەڕێوەچووە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی لە نوێنەری فراکسیۆنەکان ناو ئەنجوومەن.
بەپێی ناوەڕۆکی فەرمانەکە، کاری ئەو لیژنەیە ئامادەکردنی پڕۆژەی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەبێت بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ سنووری جوگرافی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.
- "قەیرانەکان دەریانخست کە ئەو دەسەڵاتەی لە لایەن یەکە کارگێریەکاندا بەکاردەهێنرێت، پرەنسیپێکی سەرکەوتووە"
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، رێکەوت زەکی سەبارەت بە چۆنیەتی گەڵاڵەبوونی پرۆژەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئێستامان بەکاتێکی گونجاو زانی بۆ بەرزکردنەوەی پرۆژەیەکی لەو چەشنە، چونکە بەهۆی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، هاوکات ئەو مەرکەزیەتە توندەی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا بەدی دەکرێت، لەکاتی قەیرانەکاندا دەریخست کە ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن یەکە کارگێرییەکاندا بەکاردەهێنرێت، پرەنسیپێکی سەرکەوتووە".
رێکەوت زەکی نایشارێتەوە کە هۆکارێکی دیکەی ئامادەکردنی ئەو پرۆژەیە بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆژەی لامەرکەزی ئەو خاڵانەی رێککەوتنی هەریەک نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کە خۆی لە "لامەرکەزی کارگێری و دارایی" واتە دابەشکردنی دەسەڵاتی یەکە کارگێری و داراییەکان و ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای تێپەڕینی ١٠ مانگ بەسەر کابینەی نۆیەمدا هێشتا ئەم داوایە جێبەجێنەکراوە، بۆیە بەباشیان زانیوە جەخت لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە بکەنەوە".
ناوەڕۆکی پرۆژەکە
پرۆژەی دابەشکردنی دەسەڵاتە کارگێریی و داراییەکان پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە و تا ئێستا وەڵام نەدراەتەوە، لە ئێستادا جارێکی دیکە لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە ئەو داوایە بەرزدەکرێتەوە و بریارە لەسەر شێوەی پرۆژەیەکی پوخت ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت،
سەبارەتی بەو ماددانەی کە پرۆژەکە پشتی پێ دەبەستێت، رێکەوت زەکی باس لەوە دەکات ئەوان پشت بەستوو بە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩، یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەبەستن. ئەمە لەکاتێکدایە کە ماددەی ٥ لە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ دا ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا هاتووە "ئەنجوومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێریە لەناو سنووری کارگێری پارێزگادا و مافی ئەوەی هەیە بریاڕ و پەیڕەو و رێنماییەکان بۆ رێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی لەناو سنووری پارێزگادا دەربچوێنێت، تاکو بتوانێ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگا بەپێی پرەنسیپی ناسەنتەری(لامەرکەزیەت) بەڕێوەبردنی کارگێری بکات بە جۆرێکی وا کە ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمدا.
"تائێستا هەموان پشتوانی پرۆژەکەن و هیچ لایەنێک دژایەتی نەکردووە"
سەبارەت بە کاردانەوەکانی نێو ئۆرگانەکانی یەکێتی و لەسەر ئاستی باڵاشدا، رێکەوت زەکی پێیوایە کە پشتگیرییەکی باش لە پرۆژەکە کراوە و دەکرێت و سەبارەت بە کاردانەوەکانی لایەنەکانی سیاسییەکان لە پارێزگای سلێمانی، رێکەوت زەکی دەڵێت، "تائێستا هیچ لایەنێک بەرەسمی دژایەتی خۆی بۆ پرۆژەکە رانەگەیاندووە، ئەو لیژنەیەی کە دروست بووە لە ئەندامانی سەرجەم فراکسیۆنەکان پێکدێت، رۆژانی ئاییندە دەریدەخات کە کێ دژایەتی پرۆژەکە دەکات، بەڵام تائێستا هەموان پشتوانن".
رێکەوت زەکی ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆژەکە دوای داڕشتنەوە و پوختکردنەوەی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بەپێی گوتەی هەندێک لە یاسادانان، لامەرکەزیەتی دارایی بۆ پارێزگاکان، بەو مانایە دێت کە داهاتی هەر پارێزگایەک بۆ پارێزگاکە خۆی بەکار بهێنرێت نەک بگەڕێنرێتەوە بۆ ناوەند کە هەولێرە و لەوێشەوە بڕیک لەو داهاتە بگەڕێنرێتەوە بۆ خزمەتگوزارییەکان.