İdris Okuducu
10 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
ساڵح محەمەد عێراقی نزیك لە سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رەتیكردەوە كە موقتەدا سەدر لەگەڵ هیچ لایەك رێككەوتبێت سەبارەت بە مانەوەی حكوومەتی ئێستا بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی و رایدەگەیەنێت كە موقتەدا سەدر لەگەڵ خۆپیشاندەراندایە و پاڵپشتی لە داواكارییەكانیان دەكات.
ساڵح محەمەد عێراقی كە دەگوترێت ماوەی چەند ساڵێكە روونكردنەوە و راگەیاندراوەكانی موقتەدا سەدر بڵاودەكاتەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا هاتووە: "دەنگۆ و بانگەشەی زۆر لە میدیاكاندا بڵاوكراونەتەوە لەوەی گوایە موقتەدا سەدر لەگەڵ سەركردەی رێكخراوی بەدر، هادی عامری و ئێران رێككەوتووە بۆ ئەوەی حكوومەتی ئێستا بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی بمێنێتەوە، ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایان نییە و دوورن لە راستییەوە و تەنها بە ئامانجی چەواشكردنی رای گشتی بڵاوكراونەتەوە".
ساڵح محەمەد عێراقی ئاماژەی بە تویتەكەی دوێنێ شەممەی سەدری داوە كە رایگەیاندبوو، بڕۆ ئەی گەندەڵكار و گوتی: "ئەو تویتە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە هێشتا موقتەدا سەدر لەگەڵ خۆپیشاندەرانە و پاڵپشتی لە داواكارییەكانیان دەكات بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی".
ناوبراو ئەوەشی گوتووە: "بەسە بۆ ئێوە چی تر هەوڵی درۆ و چەواشەكاری بڵاومەكەنەوە، موقتەدا سەدریش لەگەڵ گەل دایە، با هەموو لایەك باش ئەوە بزانێت كە گەل و موقتەدا سەدر هەرگیز لە یەكتر جیانابنەوە".
دوێنێ شەممە هەندێك سەرچاوەی سیاسی و حكوومەتی عێراق رایانگەیاندبوو كە بەنێوەندگیری لایەنە سیاسییەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆكوەزیران بمێنێتەوە و درێژ بدات بەو چاكساییانەی كە راگەیاندووە.