Ali Makram Ghareeb
21 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2025
کەرکووک - AA
دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە کە لە نۆ ئەندام پێکهاتبوو، کشانەوە.
هەردوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕەعد ساڵح (هاوپەیمانی تەقەدووم) و زاهیر عاسی (هاوپەیمانی عرووبە) لە بینای پارێزگای کەرکووک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست و کشانەوەی خۆیان لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە ڕاگەیاند.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕەعد ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە دوای نۆ مانگ لە ڕێککەوتن (لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان) تا ئێستا بەڵێنەکان بە جێ نەهاتووە و بۆیە بڕیاری کشانەوەیان داوە.
بە پێی ئەو قسانەی ڕەعد ساڵح بێت، "هەزاران هاووڵاتی عەرەبی پارێزگاکە ساڵانێکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەوە دەستبەسەر کراون و بە پێی ڕێککەوتنەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، دەبوایە ئازاد بکرێن".
ڕەعد سالح گوتیشی: "مەبەست لە پێکهێنانی حکوومەتی کەرکووک، خزمەت گەیاندن بە پارێزگاکە بووە بەڵام بۆ چارەسەری کێشەکان هیچ هەنگاوێک نەهاوێژراوە".
هاوکات زاهیر عاسی'یش ڕایگەیاند کە هۆکاری بەشدارییان لە حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی هاووڵاتییە عەرەبەکانی کەرکووک بووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەو ڕێککەوتنەدا بەدی نەکرا.
هەردوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە لەناو ئەنجوومەنی پارێزگادا درێژە بە ئەرکەکانیان دەدەن و تەنیا بەشێک نابن لەو هاوپەیمانییەی کە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکەی پێک هێناوە.
ڕۆژی ١٠ی ئاب، پێنج ئەندامی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، سێ ئەندامی عەرەب و یەک ئەندامی کوتلەی بابیلۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێلێکی بەغدا، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک'یان ڕاگەیاند و ڕێبوار تەها'یان وەک پارێزگاری شارەکە دیاری کرد.
سێ ئەندامی عەرەب، دوو ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی کۆبوونەوەکەیان بایکۆت و بەشدارییان تێدا نەکردبوو.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، بە پێی مەرسوومێکی سەرکۆماریی کە سەرکۆمار عەبدوللەتیف ڕەشید واژووی لەسەر کرد، ڕۆژی ١٤ی ئاب'ی ٢٠٢٤ ڕێبوار تەها، وەکوو پارێزگاری نوێی کەرکووک دەستبەکار بوو و ڕۆژی ١٨ی هەمان مانگیش محەممەد حافز، وەکوو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەستنیشان کرا.