وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم: "گرێبەستەکانی کەرتی وزە یاساییە و پێشتر دادگاکانی عێراقیش دانی پێ داناوە"
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بۆ پەرەپێدان لە کێڵگە نەوت و گازییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقە.
Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق لە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بۆ پەرەپێدان لە کێڵگە نەوت و گازییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و یاساییە و پێشتر دادگاکانی عێراقی دانی پێ داناوە".
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو، ئەو گرێبەستانەی کە حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکایی بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانی غازی میران و تۆپخانە لە پارێزگای سلێمانی واژوو کردووە، ڕەت دەکەنەوە و ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ڕێوشوێنانەی کە حکوومەتی ھەرێم لەوبارەیەوە گرتووەیەتەبەر، پێچەوانەی یاسای عێراقیین.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرێبەستەکان نوێ نین و بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان داناوە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکایی HKN و WesternZagros کردوویەتی، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان داناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین".
وەزارەتەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە مەبەست لە گرێبەستەکان زیادکردنی بەرهەمی گازە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و تێدا هاتووە: "ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سرووشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق".
