دوای ٣٨ ساڵ لە کیمیابارانکردنى ھێشتا قوربانییانی ھەڵەبجە بەردەوامن لە ئازارکێشان
As Sulaymaniyah
ھەڵەبجە - AA
ھەڵەبجە لە یادی ٣٨ ساڵەی کیمیابارانکردنییدا لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعس، ھێشتا قوربانییانی ئەم کارەساتە بەدەست ئازارەکانییان دەناڵێنن.
بۆ ئەوانەی لە کارەساتەکەدا ڕزگارییان بووە، ھێشتا لەگەڵ کاریگەرییەکانییدا دەجەنگن. ئێستاش کە گرژیی و ئاڵۆزیی لە ناوچەکەدا ھەیە بەھۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کەمتر دەستیان بە چارەسەرە پزیشکییەکان ڕا دەگات.
یەکێک لە ڕزگاربووەکانی کارەساتەکە، جگە لە لەدەستدانی کەسوکارەکەی، سەلامەتی تەندروستیشی لەدەستداوە و، تا ئێستاش بەدەست کاریگەرییە تەندروستییەکانی کارەساتەکە دەناڵێنێت.
ھەڵاڵە جەلال تەمەن ٥٢ ساڵ یەکێک لە ڕزگاربووەکانی کیمایاباران، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، بەھۆی کاریگەرییەکانی کیمیابارانکردنەوە چاوێکم لەدەستداوە و، چاوەکەی دیکەشم لاواز بووە، بۆ ھەر جووڵەیەک پێویستم بە یارمەتی ھەیە، ئەمە جگە لەوەی کە ھەندێکجار بیست خوولەک دەکۆکم و سییەکانم ئازاریان ھەیە".
ھەلاڵە جەلال دەشڵێت: "ململانێی بەردەوام وایکردووە نەتوانین گەشت بۆ ئێران بکەین بۆ ئەو چارەسەرە پزیشکییانەی کە زۆر پێویستمانە، بڕیار بوو نەشتەرگەری گۆڕینی گلێنەی چاوم بۆ بکرێت، بەڵام ئێستا دەبێت بەرگەی ئەم ئازارە درێژخایەنە بگرم، ھەروەھا پچڕانی کارەبا کاریگەری لەسەر ئامێری ئۆکسجینەکەم کردووە کە ڕۆژانە بۆ ھەناسەدان سوودی لێ وەردەگرم و ئێستا دەنگێکی بێزارکەری ھەیە".
یەکێکی دیکە لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کە جانتایەکی پڕ لە دەرمانی بۆ نەخۆشییەکەی ھەڵگرتووە، ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر دوو مانگ جارێک بۆ چارەسەریی پێویست سەردانی ئێرانی کردووە بەڵام ئێستا بەھۆی جەنگەوە ناتوانیت گەشت بکات و ئەمەش کاریگەریی لەسەر تەندروستیی کردووە.
ھاوکار سابیر، تەمەن ٤١ ساڵ، لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک شەوانە کارەبا دەکوژێتەوە، دەبینین دۆخەکەمان چەندە خراپە و چاوەڕێی ڕەحمەتی خودا دەکەم، پێشتر دوو مانگ جارێک بۆ چارەسەرکردن گەشتم دەکرد بۆ ئێران، بەڵام پێیان گوتم کە ئیتر ناتوانم ئەو گەشتە دوور و درێژە بکەم. ئێستا ئەم شەڕە ھاتووەتە پێش ئەوەندەی دیکە کارەساتە بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی کە ناتوانن بچێت چارەسەر لە ئێران وەربگرن".
ھاوکار پەیامێکی ھەیە بۆ ئەو گەلانەی کە چەکی کیمیایییان بۆ ڕژێمی پێشوو دابین کردبوو، لەبارەیەوە گوتی: "داوا لەو وڵاتانە دەکەم کە چەکی کیمیایییان بە ڕژێمی سەدام حوسێن فرۆشت، ھاوکارمان بن، چیتر تەنھا چارەسەرکردنی برینەکانمان نییە، پێویستمان بە چارەسەرێکە، ئێمە ببەنە وڵاتەکانتان بۆ چارەسەرکردن و یارمەتیمان بدەن و لەم دۆخە ڕزگارمان بکەن".
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر، نیگەرانی زۆری لە تێکچوونی باری تەندروستی و گوزەرانی دەروونی قوربانیان دەربڕی و ئاماژەی بە بارودۆخێکی نالەبار کرد کە بڕیار بوو ٦٤ کەس نەشتەرگەری چاویان بۆ بکرێت لە ئێران، بەلام ئەم جەنگە گەشتەکانی ڕاگرتووە".
لوقمان عەبدولقادر لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم بارودۆخەی کە دروست بووە بەھۆی ئەم شەڕەی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران دەتوانم بڵێم کە قوربانیان و بەرکەوتەکانی کیمیاباران، پێش ھەموو کەس کاریگەریی لەسەر بریندارانی ئێمە ھەبووە. نزیکەی ٦٤ کەس مەوعیدی دکتۆریان ھەبوو بۆ چاندنی گلێنەی چاو، بەڵام ئێستا ڕێگەکان گیراون ئەگەر جەنگەکەش ڕابگیرێت گرەنتی نییە کە بتوانن دکتۆرەکانیان ببینن".
بەپێی ئامارەکان، ٩٧٢ بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە ٣٠٠ کەسیان لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجەن و پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام ھەیە. لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەزموونی ئێران لە چارەسەری بریندارانی کیمیاییدا زۆر باشە، بۆیە دابڕانی برینداران لە پزیشکەکانییان، کارەساتێکی تەندروستی و دەروونییە. تەنانەت ھێڵی ئینتەرنێتیش نییە تا بریندارەکان بتوانن لە ڕێگەی دوورەوە ڕاوێژ بە پزیشکەکانیان بکەن".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
