دوای زیاتر لە ٧٢ کاتژمێر، کارەبای بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە
Arbil
هەولێر - AA
کارەبای بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هۆی هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کوژابوویەوە، گەڕایەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگهداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان و ئاسایيبوونەوەی دۆخی کارەبا، ئەمڕۆ يهكشهممه ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وەزیری کارەبا كهمال محهمهد ساڵح، سەردانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کردووە.
لە میانی سەردانەکەیدا، کەمال محەمەد ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و لە ئێستادا یەکەکانی وێستگەی کارەبا بەگەڕ دەخرێنەوە، کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان خواستی گرەنتیکردنی کار و چالاکییەکانی کۆمپانیای داناغاز بۆ پاراستنیان، بە داواکارییەکی ڕەوا زانیوە و دابینکردنی سیستەمی بەرگريی ئاسمانی بۆ ئەو کێڵگانەی بە پێویست لەقەڵەم داوە.
کەمال محەمەد ئاماژەی بەوەش داوە کە پێشینەی کارەکانیان گەڕانەوەی کارەبا بۆ هاووڵاتیيان و بە هەماهەنگی تیمەکانی هەر دوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کارەبا و هەروەها داناغاز و سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن کارەبا، ئەو خواستە بەدی دەهێنن.
بە پێی زانیارییەکان هاوکات لەگەڵ ئەو هەوڵانە، دوای زیاتر لە ٧٢ کاتژمێر، کارەبای بەشێک لە شار و شارۆچکەکان هەرێمی کوردستان گەڕایەوە.
شەوی چوارشەممە ٢٦ی تشرینی دووهەم بە ئاراستەکردنی دڕۆن و مووشەک ھێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم سنووری قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی و بەھۆیەوە ھەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
