19 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2020
دهۆک - AA
تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و زیادبوونی مەترسییەکان، وای لە خەڵکی دهۆک کردووە زیاتر لە رابردوو پابەندی رێنماییەکان بن.
دوای زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID_19) لە ھەرێمی کوردستان، خەڵکی پارێزگای دھۆک بە شێوەیەکی بەرچاو پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنان و لە ھەموو شوێنێک ماسک و دەستکێش بە کاردێنن.
یەکێک لە کێشەکانی کەرتی تەندرۆستی لە پارێزگای دھۆک بێ بڕوایی خەڵک بوو بە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام دوای زۆربوونی مەترسی ڤایرۆسەکە لە پارێزگاکەدا ئیتر زۆربەی خەڵک کاتێک کە دەچنە دەرەوە یان دەچنە سەر ئیش، دەمامک و دەستکێش بە کاردێنن و تارادەیەکی زۆر خەڵک ھەست بە مەترسی ڤایرۆسەکە دەکەن.
بەستنی ماسک لە پارێزگای دھۆک بووەتە نەریتێکی باو و کاتێک دەچیتە شوێنێکی گشتی یان بە ناو بازاڕدا دەگەڕێی کەم کەس دەبینی کە ماسکی بەکار نەهێنابێت، و جگە لە دەرمانخانەکان لە ناو بازاریش دەبینی کە چەندین کەس ھەن ماسک دەفرۆشن وەک چون پێش ئێستا ھەندێک کەس دەتبینین کە کارتی مۆبایل یان ئاو یان ھەر شتێکی تر کە پێویستییەکی سەرەکی ھاووڵاتیانە بە دەستیەوەیە و دەیفرۆشێت، ئێستا چەندین کەس دەبینی کە ماسکی بەدەستەوەیە و دەیفرۆشێت.
لە پارێزگای دھۆک کێشەی کەمی ماسک نییە و لە ھەموو شوێنەکان چەندین جۆری ماسک بەدەست دەکەوێت کە زۆرینەی خەڵک دوو جۆر بەکاردێنن یەکێکیان ھەمیشەییە و دەتوانرێت بشۆردرێت و بە ھەزار دیناری عێراقی لە دەرمانخانەکان و ناو بازاڕ دانەی دەفرۆشرێت و جۆرێکی تر کە کاتییە و تەنیا بۆ یەکجار بەکاردێت بە پێنچ سەد دیناری عێراقی دەست دەکەوێت.
بۆ زیاتر هاندانی خەڵک بە مەبەستی بەکارهێنانی ماسک، پێشتر پارێزگاری دھۆک یەک ملیۆن ماسکی تەرخانکردبوو و لە رێگەی دامودەزگا حکوومییەکان لە شوێنە جیاوازەکان وەکو بازاڕ و لە ترافیک لایتەکان بە سەر خەڵکدا دابەشی کردن.
بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیونی پارێزگای دھۆک ھەموو شوێنەکانی کارکردن دەبێت لە بەردەرگا مێزێک دابنێن و ھەرکەسێک پێش بچێتە نێو شوێنەکە پێویستە تافیلکەر بەکار بێنێت و دەستکێش و ماسک بەکار بێنێت، دواتر بچێتە نێو شوێنەکە، پێچەوانە تووشی سزایی دارایی دەبێت بۆیە لە ھەموو دووکان و مارکێت و سوپەر مارکێتەکان دەبینی مێزێک لە بەر دەرگا دانراوە و ھەموو پێداویستییەکانی خۆپارێزی لەسەر دانراون.
جێگری پارێزگاری دھۆک بە وەکالەت ماجد سەید ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "دوای قوناغی ئاسانکارییەکان وەکو ژووری ئۆپەراسیونی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا، چەند لیژنەیەکی گەڕۆکمان درۆستکردن لە تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس و گەشتوگوزار، بۆ ئەوەی لە ناو بازاڕ و شوێنەکانی کارکردنی ھاووڵاتیان بگەڕێن و ئیشی ئەم لیژنانە ھوشیارکردنی ھاووڵاتیانە لەسەر مەترسی ڤایرۆسەکە و ئەو شوێنانەش کە پابەند نابن بە رێنماییەکان سزادەدرێن جا چ سزای دارای بێت یان داخستنی ئەو شوێنە بە پێی یاسا".
ماجد سەید ساڵح گوتیشی: "ئەو لیژنانەی گەڕۆک لە ھەموو قەزایەکانی پارێزگای دھۆک ھەن و ژمارەی ئەو لیژنانەش بە پێی پێویستی ھەر شوێنێکە کە تەنیا لە ناوەندی شاری دھۆک زیاتر لە دە لیژنە ھەیە".
یەکێک لە خاوەن سوپەرمارکێتەکانی ناو شاری دھۆک بە ناوی بەختیار ئاکرەیی لەبارەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرونا قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "ڤایرۆسی کۆرونا زۆر مەترسیدارە بۆیە دبێت ھەموومان پابەندی رێنماییەکانی حکوومەت بین و خۆمان بپارێزین و وەکوو سوپەرمارکێتەکەمان ھەموو کارمەندەکانمان زۆر پابەندن بە رێنماییەکان و ئێمە رێگە نادەین ھیچ کارمەندێکمان بێ بەستنی دەستکێش و ماسک لەناو مارکێتەکە کاربکەن دا کۆتایی دەوامەکەیان".
بەختیار ئاکرەی گوتیشی: "لە بەر دەرگای مارکێتەکە مێزێکمان داناوە و کارمەندێکمان تایبەتمەند کردووە کە ھەرکەسێک پێش بێتە نێو مارکێتەکە پێی دەڵێت تافیلکەر بە کاربێنێ و ماسک و دەستکێشی پێی دەدات پاشان کەسەکان دێنە نێو مارکێتەکە و بڵندگۆیەکمان لە نێو مارکێتەکە داناوە کە بەردەوام بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر رێنماییەکانی خۆپارێزی تیایدا بە کڕیارەکانمان دەدرێت بۆ ئەوەی خەڵک زۆرتر خویان بپارێزن".
یەکێک لە ھاووڵاتیانی شاری دھۆک بە ناوی محەمەد ئەحمەد کە بۆ شت کڕین چوبووە بازاڕ و دەستکێش و ماسکی بەکار هێنابوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "خۆپارێزی لەم قوناغەدا ئەرکی سەر شانی ھەموومانە و ئەگەر ئێمە پێگیری بە رێنماییەکانی تەندرۆستی نەکەین تووشی کارەسات دەبین و خوای گەورەش فەرمانمان پێ دەکات کە لەم بارودۆخانەدا خۆمان بپارێزین و دەقە ئاینییەکانیش باسی ئەم بابەتەیان کردووە".
ناوبراو گوتیشی: "وڵاتانی پێشکەوتوو تووشی کارەسات بوون لەبەر ئەوەی خەڵکەکەیان خۆیان نەدەپاراست، جا ئێمە کە کێشەی دارایی و ئەمنی مان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ئەگەر ئەم ڤایرۆسەش زۆر بڵاو ببێت، ئێمە تووشی کارەساتی زۆر گەورە دەبین بۆیە دەبێت ھەموو ھاووڵاتییەک ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات و پێگیری بە رێنماییەکانی خۆپارێزی بکات".
دوکاندارێکیش بە ناوی ئەلەند حسێن لە بارەی خۆپارێزی قسەی بو ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "ئێمە کە دێینە شوێنی کارەکەمان ماسک و دەستکێش بە کاردێنین و کڕیارەکانیشمان زۆربەیان کە دێنە نێو دووکانەکە ماسکیان بەستووە و ئێمە پێیان دەڵێین پێش ئەوەی بێنە نێو دووکانەکە ماسک لەبەر بکەن کە لە بەردەرگا دامانناون".
ئەو دوکاندارە گوتیشی: "ئێستا کەم خەڵک دێنە دەرەوە و ئیشی ئێمەش زیاتر بووەتە ئۆنلاین و خەڵک لە ماڵەوە شت داوا دەکەن و ئێمە بۆیان دەگەیەنین بۆ ئەوەی زیاتر پارێزراوبن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا".
لە سەرتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای دھۆک تا ئێستا ١٣٦ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە پارێزگاکەدا تۆمارکراون و ٩٢ نەخۆش بە تەواوی چاکبوونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە ماڵەکانیان و ئێستا ٤٤ نەخۆشی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان دا ھەن لە سنووری پارێزگای دھۆک کە دابەشکراون لە سەر سێ نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.