دادگای باڵای فیدراڵیی دوو سكاڵای لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان-عێراقی ڕەتکردەوە
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دوو سکاڵای ڕەتكردەوە كە تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمار كرابوون.

Arbil
هەولێر ــ AA
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دوو سکاڵای ڕەتكردەوە كە تایبەت ھەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمار كرابوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتینی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لە بارەی دوو سكاڵا كە تایبەت به ھەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمار كرابوون، ئەنجامدرا.
ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، عومەر گوڵپى لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕايگەیاند کە ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠٢٥، سکاڵایەکیان لەسەر پەرلەمان پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کرد کە تیایدا داوایان کردووە دادگاکە، بڕیار لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بدات.
ئاماژەی بەوەشداوە کە هەر لە چوارچێوەی سکاڵاکەدا، داوایان کردووە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیار لەسەر ڕاسپاردنی کۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها بڕیار لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو ئیمتیازە مادیانەی (٩٧) پەرلەمانتار لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە وەریانگرتووە بدات.
گوتیشی: "ئەمڕۆ دووشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا، بەبێئەوەی بچێتە ناوەڕۆکی سکاڵاکە، بە پاساوی ئەوەی ئەو سکاڵایە لە پسپۆڕی و تایبەتمەندی دادگا نییە، سکاڵاکەی ئێمەی ڕەتکردووەتەوە".
هەروەها ڕاشیگەیاند: "پشتیوان بەخوا ئەوەی لە پێناو خەڵکدابێت دەیکەین و ماندوونابین، بە ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەش جارێکیتر دادگا دۆسیەی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و غیابی دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری دامەزراوەکانی دایەوە دەست خەڵکی ھەرێمی کوردستان و خۆی نەکردە خاوەنی ئەم پرسە گرنگە ئەگەرچی بەڵگەی پێویستمان لەسەر نادەستوریبوون و خەرقی یاساکانمان لەسەر ئەو دۆخەی پەرلەمان خستبووە ڕوو کە دەکرا دادگا بە پشت بەستن بەو بڕگە دەستوریانە بڕیاری پێویست بدات، بەڵام بۆ خۆدزینەوە لە دەستێوەردان لەم بابەتە بە پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی بە بێئەوەی بچێتە ناوەڕۆکی داواکەو بەڵگەکان، سکاڵاکەی ڕەتکردەوە، واتە دادگا گوتوویەتی 'ئەم بابەتە کاری ئێمە نییە".
پێشتر دوو سکاڵا لەلایەن هەریەك ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عومەر گوڵپى و ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سروە عەبدولواحید و ئەندامانى فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمان، کاوە عەبدولقادر، کوردەوان جەمال بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی کوردستان-عێراق ، تۆمار كرابوون.
لە سکاڵاکاندا داواى پووچەڵکردنەوەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانى کوردستان-عێراقى کراوە، ئەوەش بەو پێیەى وەکو لە سکاڵاکەدا هاتووە، سەرۆکى کاتی پەرلەمان بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ ئەرکەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان تەواو نەکردووە، ٤٥ رۆژ لەدواى پەسندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن، دانیشتنەکە ئەنجام نەدراوە، بۆیە سکاڵاکاران داوایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کردووە کە خولی شەشەمی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن