Haydar Karaalp
25 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2019
به‌غدا - AA
خۆپیشانده‌رانی عێراق له مه‌یدانی ته‌حریری شاری به‌غدا و ئه‌و ناوچانه‌ی ره‌مزی خۆپیشاندانن، له‌پاڵ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژبە حكوومه‌ت، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییان زیندووكردوه‌ته‌وه كه له ساڵانی رابردوودا به‌هۆی توندوتیژی و شه‌ڕه‌وه له‌ناوچووبوو.
له‌م نێوه‌نده‌شدا گرووپێك خۆپیشانده‌ر له‌سه‌ر خه‌رجی خۆیان هه‌ستان به رووناككردنه‌وه‌ی مه‌یدانی ته‌حریر و په‌یكه‌ری ئازادی ره‌مزی مه‌یدانه‌كه كه ماوه‌ی 16 ساڵ بوو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و شاره‌وانی به‌غداوه به تاریكی هێڵدرابووه‌وه، ئامانجی گه‌نجان له‌م كاره گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌یه كه "به‌غدا رووناك ده‌بێته‌وه".
خۆپیشانده‌ران ده‌ستی ئاوه‌دانییان بۆ كه‌ناری رووباری دیجله‌ش درێژكرد كه چه‌ندین ساڵ بوو پشتگوێ خرابوو، سه‌ره‌تا خۆڵ و خاشاكه‌كانی كهنارهكهیان كۆكرده‌وه و له به‌رامبه‌ر مه‌یدانی ته‌حریر كه‌نارێكی لمینیان به‌ناوی "كه‌ناری ته‌حریر" دروستكرد. بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و حهسرهتهشی چه‌ندین ساڵه به‌هۆی نه‌بوونی رووبه‌ری سه‌وزاییه‌وه له دڵی دانیشتوانی به‌غدا دایه له كه‌ناره‌كه‌دا نه‌مام روێندرا.
له‌ئێستاشدا ئێواران گه‌نجان له "كه‌ناری ته‌حریر" یاری باله ده‌كه‌ن. رۆژانه‌ش پێشبڕكێی وه‌رزش و سه‌رگه‌رمییه جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك تۆپی پێ، تاوڵه، شه‌تره‌نج و تێنسی سه‌ر مێز ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
خۆپیشانده‌رانی ته‌حریر، هونه‌ری سینه‌ماشیان پشتگوێ نه‌خستووه و ئێواران دوای رۆژئاوابوون له‌ڕێی شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌وه له كه‌ناری دیجله فیلم نمایش ده‌كرێت.
گه‌نجانی كه‌ناره‌كه نمایشی موزیكیش ده‌كه‌ن و له‌ڕێگه‌ی ژه‌نینی ئامێری موزیكی جیاوازه‌وه چه‌ندین گۆرانی و پارچه موزیكی ناوخۆیی و بیانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. به‌هه‌مان شێوه له‌و خیوەتانەی کە له مه‌یدانی ته‌حریر هه‌ڵدراون چه‌ندین چالاكی ئه‌ده‌بی و كۆڕی شیعری رێكده‌خرێن.
هه‌رچی دیواره‌كانی مهیدانهكانهشه له‌لایه‌ن وێنه‌كێشانی خۆبه‌خشه‌وه به چه‌ندین وێنه‌ی قه‌شه‌نگ رازێندراونه‌ته‌وه و گوزارشت له په‌یامه‌كانی خۆپیشاندانی ئاشتیانه ده‌كه‌ن كه له تشرینی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستیپێكردووه.
له لای بینای "چێشتخانەی توركی" كه یه‌كێكی دیكه‌یه له ره‌مزی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و له‌سه‌ر سوچی پردی "جمهورییه" دره‌ختی نیاز داندراوه و ئه‌وانه‌ی به‌لای دره‌خته‌كه‌دا تێپه‌ڕده‌بن نیاز و ئاواته‌كانیان بۆ ئایندهی وڵات له‌سه‌ر كاغه‌زێك ده‌نووسن و به دره‌خته‌كه‌دا هه‌ڵیده‌واسن.
مه‌یدانی ته‌حریریش بووه‌ته لانه‌ی گردبوونه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان و ته‌واوی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه به ده‌رچوانی زانكۆ، كه‌سانی بێكار، پزیشك، پارێزه‌ر، ئه‌ندازیار، وێنه‌كێش، شاعیر، چالاكوان و قوتابی پێكه‌وه كۆكردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق به ئایین، مه‌زهه‌ب و نه‌ژادی جیاوازه‌وه پێكه‌وه دروشمی "نیشتیمانمان ده‌وێت" ده‌ڵێنه‌وه. ئه‌م دروشمه له‌سه‌ر تی‌شێرتی گه‌نجان و هه‌روەها له‌سه‌ر دیواره‌كانی مه‌یدانه‌كه نوسراوه.
گه‌نجانی خۆپیشانده‌ر داواده‌كه‌ن كۆتایی به گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی مه‌زهه‌بگه‌رایی بهێندرێت كه وڵاتیان ته‌واو ماندووكردووه، ئه‌و ئازادییه‌ی كه تا ئێستا ته‌نها له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌بووه بهێندرێته ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش.
عه‌بدولڕه‌حمان هادی یه‌كێكه له خۆپیشانده‌رانی به‌غدا و له میانی لێدوانێكیدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمه خۆپیشاندان ده‌كه‌ین هەروەها كه‌شێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادتر بۆ هاووڵاتییان ده‌خوڵقێنین. له كه‌ناری رووباری دیجله شوێنی یاری باله هه‌یه، ئه‌م گه‌له كه تامه‌زرۆی ژیانه به‌سه‌ر حكوومه‌تی گهندهڵكاردا سه‌رده‌كه‌وێت".
خۆپیشانده‌رێكی دیكه‌ش به ناوی عه‌لی جه‌بار باسی له‌وه كرد ئه‌و كارانه‌ی 16 ساڵه حكوومه‌ت نه‌یكردوون، خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامیان داوه و گوتی: "داوا له هه‌مووان ده‌كه‌م بێن بۆ مه‌یدانی ته‌حریر و ئه‌و جوانییه ببینن كه لێره دروستمان كردووه و پشتیوانی شۆڕشه‌كه‌مان بكه‌ن".
ساڵح محه‌مه‌د گه‌نجێكی دیكه‌ی مه‌یدانی ته‌حریره له لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو رایگه‌یاند کە گه‌نجانی عێراق خاوه‌ن به‌هره‌ی زۆر جوانن و له‌میانی سێ مانگدا، دووباره ژیانیان گه‌ڕانده‌وه بۆ مه‌یدانی ته‌حریر و ده‌ورووبه‌ری.
داواشی كرد حكوومه‌تی نوێ كارئاسانی بۆ ئه‌و گه‌نجانه بكات كه توانای ئه‌نجامدانی چاكسازییان هه‌یه.
تیبه فازڵ خۆپیشانده‌رێكی دیكه‌یه و باس له‌وه ده‌كات کە "كه‌ناری ته‌حریر" بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كارده‌هێنن و گوتی: "له‌پاڵ چالاكییه وهرزشییهكانماندا، چه‌ندین پڕۆگرامی جۆراوجۆری تایبه‌ت به كولتوور و ئه‌ده‌بیشمان هه‌یه".