Heman Husseın Yaseen
25 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
چەند کۆمپانیایەک ژمارەیەک مۆر و کڵێشە و نووسراوەکانی چەند فەرمانگەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساختە دەکەن و لە رێگای ئەو ساختەکارییەوە چەندین کارتی نشینگەی کرێکاران نوێ دەکەنەوە و خۆیان لە باج و رسومات دەدزنەوە.
لەمبارەوە بەڕێوەبەری کاری هەولێر، کارزان عەلی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئێمەی لە حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی مۆرێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە کۆمپانیایەک ئاگادارکردەوە، دوای بەدواداچوونمان دەرکەوت کۆمپانیاکە مۆرەکەی ساختە کردووە و لە رابردوودا بەکاریهێناوە بۆ خۆدزینەوە لە باج و رسومات".
کارزان عەلی لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران گوتی: "ئەو کەسانەی ساختەکارییەکەیان کردووە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و رێکارە یاساییەکان گیراونەتە بەر".
ئەو گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانی کە هەیە، ئەو کەسانە مۆری ١٦ فەرمانگە و کڵێشەی حکوومییان ساختە کردووە و مامەڵەکانی خۆیانیان لە کارتی نشینگە و ڤیزا پێ رایی کردووە و لە حاڵەتێکدا دەبوو لەلای ئێمە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت و ئینجا کارتی نشینگەیان پێ بدرێت یان بۆیان تازە بکرێتەوە"
بەڕێوەبەری کاری هەولێر، کارزان عەلی لەبارەی چارەنووسی ئەو کرێکارانەی کە کاری ساختەیان بۆ کراوە گوتی: "ھەر کرێکارێک دەستەبەری بۆ کرابێت و پارەی لە رێگای ئەو ساختەکارییەوە لێ وەرگیرابێت، ئەوا لە پارەی ئەو کۆمپانیایە قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەگەریش هیچ کێشەیەکی تەندروستی و یاساییان نەبێت، دەتوانن لێرە بمێننەوە و بە پێچەوانەشەوە رەوانەی وڵاتەکانییان دەکرێنەوە".