خولیای منداڵی بەدیهێناوە و ١٥ هەزار کاسێتی ڤیدیۆیی لە ماڵەکەیدا کۆکردووەتەوە
- هاووڵاتییەکی قەزای خانەقین کە خولیای کۆکردنەوەى کاسێتى ڤیدیۆیە، ماڵەکەی کردووەتە شوێنێک بۆ ئەرشیفکردنی کاسێت و نزیکەى ١٥ هەزار کاسێتى ڤیدیۆی کۆکردووەتەوە.

Arbil
خانەقین - AA
هاووڵاتییەکی قەزای خانەقین کە پیشەی پۆلیسی هاتوچۆیە و هاوکات خولیای کۆکردنەوەی کاسێتی ڤیدیۆی هەیە و لە ماڵەکەیدا نزیکەی ١٥ هەزار کاسێتی وەکو ئەرشیف کۆکردووەتەوە.
حوسێن عەباس تەمەن ٤١ ساڵ، وەکخۆی باسی لێوەدەکات، هەر لە منداڵییەوە حەزی لە کۆکردنەوەى کاسێت بووە، ئەوەیش وایکردووە ئەو ژمارە زۆرە لە کاسێت کۆبکاتەوە.
لەبارەى سەرەتاى دەستپێکردنی بە کۆکردنەوەی کاسێتەکان، حوسێن عەباس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠٠٥ دەستم بە کۆکردنەوەى کاسێتى دەنگى کردووە و، کاری کڕین و فرۆشتنم پێوەکردووە و، نزیکەى حەوت هەزار کاسێتم کۆکردووەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠دا هەمووىانم فرۆشت".
لە دوای کاسێتی دەنگی، حوسێن دەستی بە کۆکردنەوەی کاسێتی ڤیدیۆ کردووە و، وەک خۆی باسی دەکات لە هەموو جۆرە کاسێتێکی وەک فیلم، گۆرانی و فیلم کارتۆنی کۆکردووەتەوە و بە باشترین شێوە لای خۆی پاراستوویەتی.
حوسێن عەباس دەشڵێت: "دواى ئەوە دەستم کرد بە کۆکردنەوەى کاسێتى ڤیدیۆ، لە هەموو پارێزگایەک بازاڕى هەیینی هەیە، کاتێک سەردانی بازاڕەکەم دەکرد، دوو سێ کاسێتى ڤیدیۆم دەکڕى و پاکم دەکردنەوە. لەکاتێکدا خەڵک ئەم کاسێتانەى فڕێدەدا و دەیسووتاند لەبەرئەوەى مۆدێلی نەماوە، بەڵام من کۆمدەکردنەوە و دەمپاراستن".
حوسێن عەباس ئاماژەى بەوەدا کە ئەو کاسێتانەى کۆیکردوونەتەوە تەنیا لە خانەقین نەبووە بەڵکو لە ڕێگەی هاوڕێیانى خۆی لە شارەکانى عێراق ئەم کاسێتانەی کڕیووە و کۆیکردوونەتەوە کە هەندێکیان لە ڕابردوودا ئاهەنگی تایبەت و ئاهەنگی هاوسەرگیریی و بۆنەکانی دیکەی لەسەر تۆمار دەکران.
هەروەها حوسێن عەباس باس لەوە دەکات ئێستا نزیکەى ١٥ هەزار کاسێتى ڤیدیۆیى هەیە و، گوتی: ''هەموو جۆرە فیلمێکى تێدایە ئینگلیزى، عەرەبی، هیندی، تورکی. نزیکەى هەموو فیلمەکانى ئیبراهیم تاتڵیسم هەیە، هەموو گۆرانییەکانیم هەیە، تەواوى چاوپێکەوتنەکانیم هەیە''.
حوسێن ئەویشی خستەڕوو کە ئەو ژوورەى کاسێتەکانى تێدا هەڵگرتووە لە هاویندا ساردکەرەوەى بۆ دادەنێت و لە زستانیشدا گەرمکەرەوە، چونکە کەشوهەوا کاریگەرى خراپی لەسەر کوالێتیى کاسێتەکان دەبێت. هەروەها ڕۆژانە سەردانى ژوورەکە دەکات بۆ ئەوەى دڵنیابێتەوە لەوەى کاسێتەکان پارێزراون و هیچیان زیانى بەرنەکەوتووە.
حوسێن عەباس جەختی لەوەشکردەوە کە ئەو کاسێتانە وەک میرات بۆ منداڵەکانى بەجێدەهێڵێت و هیوای خواست ئەوانیش پارێزگارى لێبکەن و، کوڕە بچووکەکەى بەڵێنى ئەوەى پێداوە کە دواى خۆی بەردەوام بێت لە خزمەتکردنى کاسێتەکان و نایانفرۆشێت.
حوسێن عەباس گوتیشی :"پێشتر لە خانەقین پێیان گوتوومە کە هۆڵێکى تایبەتم بۆ دەکەنەوە بۆ نمایشکردنى کاسێتەکان، هەروەها گرووپێکى سینەمایى لە مووسڵ داواى هاوکارییان لێم کردووە و منیش ئامادەیی خۆم دەربڕیووە".
لە کۆتاییدا ناوبراو ئەوەى خستەڕوو کە دەرگاکانى ماڵەکەى کراوەیە بۆ هەر گرووپێکى گەشتیارى کە بیەوێت سەردانى بکات بۆ بینینی کاسێتەکان.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن