Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند کە ھێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای عێراق ئیدانە دەکەن و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە رێوشوێنی یاسایی بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئەمریکا و سزادانی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە لە خاکی عێراق دەگرنەبەر.
دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی ھێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە:
"لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەکانی ئەمریکا، سێ خاڵی ھێزەکانی حەشدی شەعبی-یان بە دووری ١٣ کیلۆمەتر لەناو سنووری عێراق لە قەزای قائیم رۆژئاوای ئەنبار کردووەتە ئامانج".
باس لەوەشکراوە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، چوار چەکداری حەشدی شەعبی کە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە ئەرکدابوون بۆ رێگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق و ھیچ پەیوەندییان بە چالاکیییەکانی دژبە بوونی ھێزە بیانییەکان لە عێراق نەبوو، کوژراون و ھاتووە:
"ھیچ کام لەو خاڵانەی حەشدی شەعبی کە بۆردومانکراون، کۆگای چەک و تەقەمەنیان تیایدانەبوو بە پێچەوانەی ئەوەی ئەمریکا بانگەشەی بۆ کردبوو لە پێناو پاساو ھێنانەوە بۆ بە ئامانجکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی".
دەستەی حەشدی شەعبی راشیگەیاندووە "ھێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ھێزەکانمان ئیدانە دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە رێوشوێنی یاسایی بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئەمریکا و سزادانی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە لە خاکی عێراق دەگرینەبەر".
ئاماژە بەوەیشدراوە کە ھێرشەکە بە ئامانجی لاوازکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ئەنجامدراوە، ھەروەھا ئەنجامدانی ھێرشەکە دەبێتە مایەی بەھێزکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و هاتووە "هێرشەکە، سەروەریی عێراقی کردووەتە ئامانج".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "جەخت دەکەینەوە لەسەر ھەڵوێستی حکوومەتی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی دەرچوونی ھێزە بیانییەکان لە عێراق".
پێشتر سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو کە لە ھێرشێکی ئاسمانیی ھێزەکانی ئەمریکادا، ژمارەیەک خاڵی گرووپی کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا کراونەتە ئامانج و لە ئاکامدا، چوار چەکداری گرووپەکە کوژراون و سێی دیکەیش برینداربوون.
لای خۆیەوە کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو کە چوار چەکداری لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، کوژراون و ھەڕەشەی ئەوەیشی کردبوو کە جەنگێکی کراوە لەگەڵ ئەمریکا، بەرپا دەکات.
ھەر لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک دامەزراوەی ئەو میلیشیانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆردومانکردووە.