Sarmand Hameed
21 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2021
هەولێر - AA
لە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و فەرمانگەی میدیای و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەوشی میدیا لە هەرێم خرایە بەرباس.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان، محەمەد سەعید و گوتەبێژی حکوومەت و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، جوتیار عادل بەڕێوەچوو باس لە چۆنییەتی رێکخستنی کاری دەزگاکانی راگەیاندن لە چوارچێوەی یاسادا، و کارکردن بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان وپێداچوونەوە بە رێنماییەکان و بەھێزکردنی ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی رۆشنبیری و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی رۆڵی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان لە ئاراستەی پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھاکانی کۆمەڵگەی کوردستان کرایەوە.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەری گرنگی دیکەی وەک میدیا و سۆشیاڵ میدیای دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەمی و چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێنوێنی رێبەرەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم بوارە باس و گفتوگۆیان لەسەر کرا.