Zana Natık Kerem
07 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا، راگەیاند کە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە ھەفتەی داھاتوو، وڵاتەکەی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە ھاوردە دەکات.
ئەحمەد موسا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە رێوشوێنە ھونەرییەکان بۆ ھاوردەکردنی کارەبا لە تورکیا تەواوبوون و گوتی: " لە ھەفتەی داھاتووەوە، عێراق ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە ھاوردە دەکات".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق هاوکات باسی لە پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کرد و گوتی: "کارکردن لەسەر پڕۆژەکە بەردەوامە و لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، وڵاتانی کەنداو، ٥٠٠ میگاوات کارەبا دەدەن بە عێراق".
لە سەرەتای ٢٠٢٠دا، عێراق لە رێگای ھەرێمی کوردستانەوە، دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ تورکیا.
ھەروەھا لە ٢٥ی کانوونی دووەمی رابردوودا، عێراق و سعوودیە، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ بەستنی تۆڕی کارەبای نێوان ھەردوو وڵات واژووکرد.
لە ساڵانی رابردووەوە، عێراق بۆ ھاوردەکردنی کارەبا و گاز پشتی بە ئێران بەستووە کە عێراق ھەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای لە ئێران ھاوردە کردووە.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق لەئێستادا، ١٩ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.